دەستەڵاتی سلێمانی کار بۆ ناشرینکردنی حکوومەتی هەرێم دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەندێک لایەن لە سلێمانی، دەستیان بۆ قووتی خەڵک بردووە و لە دەروازە سنوورییەکان کاری قاچاخچێتی دەکەن و بوونەتە رێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان. ئیدارەی شارەکەش دەست بۆ ھەموو شتێک دەبات و خەڵکییان لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بێبەش کردووە، ئەوەش تەنیا بۆ ناشیرینکردنی کابینەی نۆیەمە.

د. محەمەد سلێمان، شارەزا لە بواری ئابووری، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “خەڵکی سلێمانی شۆڕشگێڕ و رۆشنبیر و تێگەیشتووە، ھی ئەوە نین بە رۆژی رووناک لە پێش چاویان پارە لە بانکەکان بدزرێت و ئەوانیش مووچەی مانگی دوویان وەرنەگرتبێت، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەت مووچەی مانگی سێ دابەش دەکات، لەگەڵ ئەوەی ئەگەر بەراوردێکی نێوان شارەکانی کوردستان بکەین، جیاوازییەکی بەرچاو بەدی دەکرێت، ئیدارەی سلێمانی ھیچیان بۆ شارەکە نەکردووە و لە دەیان پرۆژەی خزمەتگوزاری بێبەش بووە، بەتایبەتی لە کەرتی رێگەوبان، کە تا ئێستا رێگایەکی ستراتیجی لە شارەکە نییە، پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری ھەیە، ئەویش لەبەر دزین و تاڵانکردنی پارە لە بانکەکان خەریکە کارەکانی دەوەستێت.
د. محەمەد سلێمان، دەشڵێ: “سلێمانی، خاوەنی چەندین دەروازەی فەرمی و نافەرمییە، بە داخەوە ئەو داھاتە زۆرەی لەو دەروازانە ھەیە لە خزمەتی ھاووڵاتییان و خۆشگوزەرانی خەڵک بەکار ناھێنرێت، بەڵکو بۆ گیرفانی چەند کەسێک دەچێت، لەگەڵ ئەوەی کابینەی نۆیەم بەردەوام ھەوڵی داوە داھاتەکان رێک بخاتەوە، چاکسازی بکات، ئەوەش ھەموو لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییاندا بووە، بەڵام بەداخەوە بەرپرسانی سلێمانی بەردەوام رێگری دروست دەکەن و بە ھەموو جۆرێک ھەوڵی چەوساندنەوەی خەڵک دەدەن لەو سنوورە لە سادەترین مافیان بێ بەش کراون.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی بواری سیاسی، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی لە سنووری سلێمانی دەبیندرێ جێگەی نیگەرانییە، چونکە خەڵکی ئاسای باجەکەی دەدات، دەبێت سەرۆکی حکوومەت چی دیکە بێ دەنگ نەبێت و پەنا بباتە بەر ھەندێک رێکار و ئەو کەسانەی خەڵکیان برسی کردووە و لێ ناگەرێن پرۆژەکان جێبەجێ بکرێن، سزا بدرێن، چونکە خوڵقاندنی کەشێکی وا لە بەرژەوەندیی دوژمنانی کوردستانە و دەرفەتیش دەبێت دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی بچێت و تێکچوون و لێکترازانی نێوان دامەزراوەکانی حکوومەت و ململانێی سیاسیش بە ئاقارێکی دیکەی دژ بە بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان بڕوات.
ھۆزان خورشید، ئاشکراشی کرد:” دەستبردن بۆ مووچەی فەرمانبەران و قاچاخچێتیی خاڵە سنووریەکان و پشتگوێخستنی بڕیارەکانی حکوومەت کارێکی گونجاو نییە و، ھەموو ئەمانە ھاووڵاتی لێی زەرەرمەند دەبێت، بۆیە پێویستە ھاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی ھوشیار بن و چیتر بێدەنگ نەبن لەو لایەنانە کە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان یاری بە چارەنووسیان دەکەن”.

ھەواڵی زیاتر