هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ماڵپەڕێکی ئەمریکی: رۆژئاوا بەدوای جێگرەوەی گازدا دەگەڕێت و هەرێمی کوردستان بژاردەیەکە

هێشتا گواستنەوەی گازی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا لە رێگەی تورکیاوە مژارێکی گەرمی ناوەندەکانی جیهانە، پڕۆژەی گواستنەوەی ئەو گازە بۆ ئەوروپا لە پێناو پڕکردنەوەی کورتهێنانی ئەوروپا تەنانەت وای کردووە تورکیا و ئێرانیش ناکۆک بن.

رۆژیتەرز رۆژی ٢٨ـی مانگی رابردوو لە راپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسانی عێراقی و تورکیی رایگەیاندبوو:” یەکێک لە ئەگەرەکانی هێرشی ئێران بۆ سەر ماڵی شێخ باز کەریم لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، هۆکارەکەی پلانی گواستنەوەی گاز بووە، سوپای پاسدارانی ئێران ئەوکاتەی هێرشەکەی کرد هیچ ئاماژەیەکی بەو پرسە نەدا، بەڵام بەرپرسانی عێراق و تورکی وا دەڵێن.
مانگی دیسێمبەری رابردوو کۆمپانیای کار و حکوومەتی خۆجێیی لە هەولێر گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ دروستکردنی بۆڕییەک لە کۆرمۆرەوە بۆ هەولێر بۆ گواستنەوەی گاز لەوێوە بۆ هەولێر پاشان بۆ دهۆک، ئەو بۆرییە بۆ پێویستی ناوخۆیە، بەڵام بە گەیشتنی بۆ دهۆک، تەنیا ٣٥ کیلۆمەتری دەمێنێت بگاتە سنووری تورکیا، بەگوێرەی ئەو لێکتێگەیشتنەشی لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا هەیە و لە ٢٠١٣دا واژۆ کراوە تورکیا لای خۆیەوە بۆرییەکەی گەیاندووەتە سەر سنوور، ئامانجیەتی ئەو گازە بە بۆری گواستنەوەی گازی ئازەربایجان ببەستێتەوە.
شێخ باز بەرزنجی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کار گرووپ بە رۆیتەرزی راگەیاندووە:’ من لە پێگەیەکدا نیم لە حکوومەت تاوەکو باسی هەناردەی گاز بکەم، بەڵام ئێستا بەرهەمهێنانی گاز تەنیا ٪50ـی پێویستیەکانی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە، بۆیە تاوەکو پێویستی ناوخۆ هەمووی پڕنەکرێتەوە گاز نانێردرێتە دەرەوە .
هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە خەریکی بەرەوپێشبردنی پلانی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتییە، لەو پرسەشدا لەگەڵ تورکیا پەیوەندی تووندوتۆڵی هەیە، پلانی گازی سرووشتی زیاتر هاتە گۆڕێ کاتێک هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەستیپێکرد، رۆژی دووی شوباتیش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆبوونەوە،بەپێی هەندێک سەرچاوە گازی سرووشتی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە لە ٢٠٢٥دا دەنێردرێتە دەرەوە،رۆژی ١٦ـی شوباتیش مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەعد ئەلکەعبی وەزیری وزەی قەتەر باسیان لە ” هەلی گەورەی بەردەم گازی هەرێمی کوردستان کرد.”
بڕیاریشە سبەی شاندێکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی نەوت و گاز سەردانی بەغدا بکات .
بەپێی گوتەی گوتەبێژی حکوومەت، یەکێک لە تەوەرکانی گفتوگۆ لەگەڵ شاندی عێراق، پرسی نەوت دەبێت، هەمان ئەو شاندە دەبێ کە پێشتر گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کردووە”.
هەرچەندە هەرێمی کوردستان پێشتر دووپاتی کردووەتەوە کە پلانی بەرەو پێشبردنی وزە دژی هیچ لایەن و وڵاتێک نییە،بەڵام بەپێی راپۆرتی رۆیتەرز ئێران نیگەرانە و ترسی لە داهاتووی هەیە دەیەوێت ئاستەنگ بۆ ئەو هەنگاوە دروست بکات، لەولاشەوە تورکیا بە هەمان شێوە خەریکە پڕۆژەکانی لەوبارەوە بەرەوپێش دەبات، ئەردۆغان رایگەیاند :”تورکیا پڕۆژەکانی لە بواری وزەدا بەرەوپێش دەبات، ئەو لەکاتی گەڕانەوە لە برۆکسل و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکان بە رۆژنامەنووسانی گوت،پەنا بەخوا لە کۆبوونەوەکان دەرگەی نوێ بەرووی وڵاتدا دەکرێتەوە،یەکێک لە بژاردەکانیش لەوبارەوە بەپێی گوتەی شارەزایان هەرێمی کوردستانە
سەرەڕای ئەوانەش عێراق و تورکیا و ئێران بەردەوام لەسەر ئاویش کێشەیانە و لەسەر ئەو پرسە هیچ نزیکبوونەوە و تێگەیشتنێک نییە و ساڵانەش دووبارە دەبێتەوە .