وەزارەتی شارەوانی ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 26 ملیار دینار بۆ کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی تەرخان کراوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردۆتەوە سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن پارە بۆ چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی خەرج ناكرێت، جەختی کردۆتەوە کە “گوژمەیەکی زیاتر بەراورد بە شوێنەکانی دیکەی بۆ تەرخان کراوە.”
لە ڕاگەیەنراوی وەزارەتەکەدا هاتووە “7 ملیۆن و 500 دۆلار دۆلار بۆ ڕیسایكلین و خاشاكی ڕەق لە سلێمانی خەرج كراوە”
ئەوەشی خستوووەتەڕوو کە “لە سەرەتای ساڵی 2022ەوە 14 ملیار و 975 ملیۆن دینار بۆ كۆكردنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی تەرخان كراوە، هەروەها 7 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بۆ ڕیسایكلین و خاشاكی ڕەق لە سلێمانی تەرخان و خەرج كراوە.”
هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە کە “حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2022دا بڕی زیاتر لە 14 ملیار دیناری بۆ خاوێنكردنەوە و گواستنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی و هەورەها 7 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاریشی بۆ بابەتی ڕیسایكلین و چارەسەركردنی خاشاكی ڕەق لە سلێمانی تەرخان كردووە، كۆی هەردوو گوژمەكەش دەكاتە نزیكەی 26 ملیار دینار.”
جەختی کردۆتەوە کە “تەرخانكردنی ئەو 26 ملیار دینارە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەندێک دەزگەی میدیایی بەهەڵەداچوون لەوەی دەیانەوێت ڕاستییەكان بشێوێنن كە گوایە پارە بۆ چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی خەرج ناكرێت، لەكاتێكدا ئەو گوژمەیە بەراورد بە شوێنەكانی دیکە كوردستان زۆر زیاتریشە.”
هەروەها ڕوونیشی کردۆتەوە کە “بەپێی دوو بەڵگەنامە لە ڕێكەوتی 16/2/2022 بە نووسراوی ژمارە(2655)ی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە، بڕیار لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 14 ملیار و 975 ملیۆن دینار 153 هەزار و 340 دينار بەمەبەستی پاككردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاک بۆ شاری سلێمانی بۆ ماوەی یەك ساڵ دراوە.”
ئاماژەی بەوەش داوە کە “بە گوێرەی نووسراوێكی دیكەی ئەنجوومەنی وەزیران/فەرمانگەی بەدواداچوونی پرۆژەكان بە ژمارەی 2690 لە ڕێكەوتی 16/2/2022 كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە، بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی ڕەق لە سلێمانی بۆ ساڵی 2022 گوژمەی 7 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بەشێوەی نەختینە و قۆناخ تەرخان كراوە. كۆی ئەو دوو گوژمانەی لەمساڵدا تەنیا بۆ خۆڵ و خاشاكی سلێمانی تەرخان كراون نزیكەی 26 ملیار دینارە.”