بەهۆی شەڕی بێهوودەی پەکەکە لە خاکی کوردستاندا، هاتوچۆ بۆ دەیان گوند قەدەغەیە

چەند ڕۆژێکە لە ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە سنووری سیدەکان شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا دەستی پێ کردووە، لە گوند و ئاواییەکانیش دەنگی تەقە دەبیسترێت، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانان دروست کردووە. سەرچاوەیەکی ئەمنییش لەو ناوچانە، دەڵێ: پەکەکە دێتە ناو گوند و ئاواییەکان، ئەوەش بۆتە بیانوو بۆ ئەوەی تورکیا زیاتر خاکی ھەرێمی کوردستان ببەزێنێت، لەگەڵ ئەوەش ئێران ھێزەکانی خۆی لەسەر سنوور زیاتر کردووە و، ڕێگەی سەربازییان لێ داوە.

دۆخی گوندنشینانی سنوری قەزای باتیفاش لە زاخۆ، بە شێوەیەکە تەنانەت منداڵانیش ناتوانن لە ماڵەکانیان سەر بێننە دەرێ، چونكە ڕووبەڕووی مەترسی چەکداری دەبنەوە و گرمەی تۆپباران و بۆردوومانیش ئارامیی لێ هەڵگرتوون.
هەر بەو هۆیەشەوە، قایمقامیەتی باتیفا لە سنووری زاخۆ داوای کردووە، 12 گوندی سنوورەکە چۆڵ بکرێن و خەڵکی ئەو گوندانە نەچنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، هاتوچۆش بۆ دەیان گوندی سنوورەکە قەدەغە کراوە.
فەرهاد مەحموود، قایمقامی باتیفاڕایگەیاندووە؛ لەبەر سەلامەتیی گیانی خەڵک، ئەوان بڕیاریان داوە بۆ ئەوەی کێشەیان بۆ دروست نەبێت و خەڵکی سنوورەکە نەبنە قوربانی، هاتووچۆ بۆ چەند گوندێکی سنوورکە قەدەخە بکرێت و دەشڵێت: “چونکە شەڕ لەنێون پەکەکە و ئەرتەشی تورکیە هەیە، بۆیە نامانەوێت خەڵکی ئێمە ببێتە قوربانی”.
لەلایەکی دیکەوە، چەکدارانی پەکەکە دۆخێکی نائارامیان لە سنووری شنگال و ڕۆژئاوای کوردستان دروست کردووە و ڕۆژانە چەکدارانی پەکەکە لەو سنوورەوە دزە دەکەنە خاکی هەرێمی کوردستانەوە و بە فەرمانی قەندیل دەیانەوێت سەرجەم دامودەزگا حکوومییەکانی عێراق پەک بخەن و، بیکەن بە ناوچەیەکی سەربازیی تایبەت بە خۆیان.
ئاشتی كۆچه‌ر، به‌رپرسی لقی پارتیش له‌ شنگال، ڕایگەیاندووە؛ په‌كه‌كه‌ له‌ سنووری شنگال بازرگانی به‌ چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ ده‌كات و به ‌پاره‌یه‌كی زۆر له‌ ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەیانگوازێتەوە شنگال و دواتریش ڕادەستی ده‌یان هه‌ندێك كه‌سیان دەکات له‌ پارێزگای ئه‌نبار”.
به‌پێی قسه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای ئه‌منیی‌ عێراقیش بێت، سوپای عێراق دوای ئه‌و گرژییانه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال و سنووری نێوان ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان دروستی کردووە، دەستیان بە دروستکردنی دیوار له‌ نێوان شنگال- ڕۆژئاوای کوردستان كردووە و پرۆژەکە گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغی یه‌كه‌م، له ‌كۆی درێژایی سنووری نێوان عێراق و سووریا كه‌ نزیكه‌ی 610 كیلۆمه‌تره‌، ئامانج له‌و دیوارەش‌ ڕێگریكردنە له‌ هاتوچۆی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و په‌كه‌كه‌ له‌و سنووره‌. دیوارەکەش سێ مه‌تر و نیو به‌رزه‌ و 10 كیلۆمه‌تر درێژ ده‌بێته‌وه‌. قۆناغی دووه‌م بریتی ده‌بێت له‌ داخستنی ته‌واوی سنووره‌كه،‌ كه‌ له‌وێوه‌ چه‌كدارانی داعش دزه‌یان بۆ ناو عێراق كردووه‌.
هەر لەو بارەیەوە، لیوا عه‌بدولخالق تەڵعه‌ت، نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبه‌شه‌كانی عێراق، ڕایگەیاندووە؛ هه‌موو سنووره‌كه‌ ته‌لبه‌ند ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی چه‌كداری جۆراوجۆر نەتوانن هاتوچۆی پێدا بكه‌ن. قۆناغی یه‌كه‌می تەواو بووە، دەست بە قۆناغی دووه‌م كراوه،‌ دوای ته‌لبه‌ندكردنەكەش، سوپای عێراق لەو ناوچانە جێگیر ده‌كرێت و بە چڕی چاودێریی ده‌كرێت.

ھەواڵی زیاتر