بەنداوەکانی هەرێم مەترسییان لەسەر عێراق نییە

دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دروستکردنی چوار بەنداوی دەرکرد، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ھۆشداری داوە لەبارەی کاریگەریی ئەو چوار بەنداوە و بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانیش لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رەتی کردەوە ھیچ کاریگەریی لەسەر عێراق هەبێت.

ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری پێشووی بەنداوەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ”ئەو چوار بەنداوەی حکوومەتی فیدراڵ باسی لێوە دەکات لە سەردەمی بەندە دەست بە پڕۆژەکانیان کراوە، راستییەکەی ئەوەیە حکوومەتی بەغدا پێی خۆش نییە هەرێمی کوردستان ھیچ بەنداوێک دروست بکات، ئەوان دەیانەوێت ئەو ئاوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بە خاوی و بەتەواوەتی بۆ ناوچەکانیان بچێت.”
بەرپرسەکەی حکوومەتی هەرێم دەڵێت: “لە کاتی هەبوونی لافاو و ھاتنی بارانی زۆریش ئەو هەموو ئاوە بۆ ناوچەکانی عێراق دەچێت، ئەوان بۆچی باسی ناکەن و سوودی لێ وەردەگرن، ئەو پرسە لە کاتی دانوستانەکان چارەسەر دەکرێت.”
ئەکرەم ئەحمەد روونی کردەوە: “دروستکردنی بەنداو لە هەرێمی کوردستان کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر ئاوی عێراق نابێت، بەپێچەوانەوە لە زۆر حالەتدا لەوانەیە سوودی هەبێت بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، دواتر هەندێ لەو بەنداوانەی دروست دەکرێن هەر سەرچاوەی خۆمانە و هەرێمی کوردستان دەیەوێت سوود لە ئاو وەربگرێت بۆ داھاتوو و کاتی پێویست.”

ھەواڵی زیاتر