عێراق لە سکاڵا دژی ئێران سەبارەت بە هێرشەکەی سەر هەولێر، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پاشگەز بۆتەوە

باس لەوە دەکرێ، حکوومەتی عێراق لەوە پاشگەز بۆتەوە هێرشی مووشەکی و دەستدرێژیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر سەروەریی عێراق بگەیەنێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. سەرچاوەکەی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کردووە لە ژێر گوشاری ناوخۆیی و ئێرانیدا، حکوومەتی عێراق لەم هەنگاوە پاشگەز کراوەتەوە.

لە بەرەبەیانی ١٣ی ئاداری ئەمساڵدا، لە هەولێر ماڵێک كرایە ئامانجی مووشەکە دوورهاوێژەكانی ئێران و، زیانێکی زۆر بەر خانووەکە کەوت و، خەویش لە بەشێک لە دانیشتووانی هەولێر زڕێندرا. هەر ئەو کات سوپای پاسدرانی ئێران بەرپرسیاریەتیی هێرشەکەی بە ئەستۆ گرت و، ڕای گەیەند بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
بیانووەکەی ئێران زۆر بێ بنەما بوو، چونکە ئەو شوێنەی کرابووە ئامانج ماڵی وەبەرهێنەر و هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان بوو. دوای ڕووداوەکە چ لە ئاستی هەرێمی کوردستان وچ لە ئاستی عێراق هێرشەکە سەرکۆنە کرا و بۆ ڕەواندنەوەی هەر گومانێکیش لەسەر تۆمەتەکان،لە ئاستی پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی فیدراڵیش دوو لێژنەی جیاواز پێک هێنرا بۆ ئەوەی بە بێلایەنی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکرێت و بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێ تا چەندە ئەوەی وەک پاساوی هێرش خراوەتە ڕوو ڕاستە.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی لیژنەکان و سەردانی مەیدانییان بۆ شوێنی ڕووداوەکە هەڵمەتێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش لە دژی ئێران دەستی پێ کرد و ئەو کارەی سوپای پاسداران بە پێشێلکردنی سەرەوەریی خاکی عێراق و بەزاندنی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان لێک درایەوە.
لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، لە كاتی بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکى کۆڕبەندى جیهانى بۆ حکوومەتەکان بۆ پرسی دۆخى جیهان لەپاش قۆناخى نەوت، کە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەڕێوە چوو، سەرۆکی حکوومەت پەردەی لەسەر ڕاستییەکان لادا و گوتی هێرشى مووشەکىئێران بۆ سەر هەولێرى پایتەخت بۆ گوشار دروستکردن بوو لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق کە بە ویستى کۆمارى ئیسلامیى ئێران نییە.
هۆکارێکى دیکەى ئەو هێرشە مووشەکییە کە سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی پێ کرد پرسى وزە بوو، هەرێمى کوردستان لە هەوڵى دۆزینەوە و پەرەپێدانی زیاترى کێڵگەى نەوت و گازى سرووشتییدایە، ئەوەش لەبەرژەوەندیى ئێراندا نییە.
وەک ئاشکرایە ئێران لە دوو بواردا ترسی لە پێگەی وزەی هەرێمی کوردستان هەیە لە لایەک پەرەسەندنی وزە لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە داهاتوودا پێداویستیی ناوخۆ و تەنانەت تەواوی عێراق بە گازی سروشتی پڕ بکاتەوە، لەو کاتەشدا حکوومەتی عێراق کە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا حەوجێی ئێرانە چیتر ناچار نابێ لە ئێران گازی سروشتی هاوردە بکات جگە لەمە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیش ئێران بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان بە زیانی خۆی دەبینێت و حەز ناکات هێزێکی تری وزە لە دراوسێکەی هەبێت.
دوێنێ ماڵپەڕی مێدڵست ئاشکرای کرد، کە حکوومەتی عێراق لە سکاڵا دژی ئێران لە ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی ئاسایش پاشگەز بۆتەوە و هۆکارەکەی بۆ ئەو گوشارانە گەڕاندەوە چ لە ناوخۆ و چ لە لایەن ئێرانەوە خراوەتە سەر عێراق. سەرچاوەکە باسی لەوە کردووە ئێران جگە لەو گوشارانەی خستوویەتە سەر عێراق وەڵامی ئەو پرسیارانەی حکوومەتی عێراقیشی نەداوەتەوە کە لە ١٤ و ١٧ی ئادار ئاراستەی کرابوو و داوای ڕوونکردنەوەی لێ کرابوو.
عێراق داوای لە ئێران کردبوو لەسەر ئەو پاساوەی بەڵگە بخاتە بەردەم عێراق بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ڕاست دەکات بەڵام هیچ بەڵگەیەکی نەداوەتە دەستی عێراق.
ئەو بەرپرسەی حکوومەتی عێراق کە بۆ سەرچاوەکە قسەی کردووە گوتوویەتی دەرەنجامی هەر دوو لێژنەی لێکۆڵینەوەی بەدواداچوونی پەرلەمان و حکوومەتی عێراقیش بەو دەرەنجامە گەیشتوون ئەوەی ئێران دەیڵێت دوورە لە ڕاستییەوە. تەنانەت لەو لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە پێکهاتبوو، ژمارەیەک پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگییش دانرابوون، کە لە ئێران نزیکن و ئامانج ئەوە بوو بێلایەن بێت.
بەرپرسێکی تر لە نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کە پێی باش نەبووە ناوی ئاشکرا بکرێت گوتوویەتی حکوومەتی عێراق نەیویستووە لەو دۆخە نالەبارەی تووشی عێراق بووە، گوشاری زیاتری بۆ دروست بێت بۆیە پێی باش بووە دەست لە سکاڵاکە بکشێنێتەوە.
بەڵام وا لێک دەدرێتەوە ئەگەر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئێران لەسەر ئەم هێرشەی سزا نەدرێت و، حکوومەتی عێراق لێی بێدەنگ بێت، ئەوا لە داهاتوودا ئەو وڵاتە ملهوڕتر دەبێت و، بە بیانووی ساختەی تر لە هێرشەکان و دەستدرێژییەکانی بەردەوام دەبێت.

ھەواڵی زیاتر