هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

پارتی چه‌پی سه‌وزی هۆڵه‌ندی كچه‌ كوردێكی هەولێری بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كاندید کرد و پلەی سێیەمی بەدەستهێنا

عه‌بدولقه‌هار هه‌ولێری/ هۆڵه‌ندا

روویه‌كی گه‌شی كوردانی تاراوگه‌ كه‌ شانازی پێوه‌ بكرێ، بوونی هه‌ندێك نمونه‌ی زیندووه‌ له‌وانه‌ی توانیویانه‌ له‌گه‌ڵ سیسته‌می ئه‌و وڵاتانه‌ی تێدا په‌نابه‌رن و مافی هاوڵاتیبوونیان وه‌رگرتووه‌ تێكه‌ڵ بن و ته‌نانه‌ت ببنه‌ پێشه‌نگ و جێگه‌ی بڕوابوونی هاووڵاتیانی خوودی ئه‌و وڵاته‌ی تێدا نیشته‌جێن. خاتوو ئاهه‌نگ فه‌یزی خانۆ به‌گزاده‌، یه‌كێكه‌ له‌و نموونه‌ جوانانه‌ی ناوی كوردی به‌جوانی به‌ گه‌لی هۆڵه‌ندی ناساندووه ‌و توانیویه‌تی متمانه‌ی ئه‌وان به‌ده‌ست بهێنێ و خۆی كاندید بكات بۆ پۆستی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هۆڵه‌ندی و سه‌ركه‌وتن له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ست بهێنێ.

ئاهه‌نگ فه‌یزی خانۆ به‌گزاده‌، له‌ دایكبووی شاری هه‌ولێری قه‌لا و مناره‌یه‌، ئه‌م خاتوونه‌ هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی ڕوویان له‌ هه‌نده‌ر‌ان كردووه‌ و له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا له‌ شاری ئه‌نشخده‌ گیرساونه‌ته‌وه‌.
له‌و وڵاته‌شدا خاتوو ئاهه‌نگ فه‌یزی خانۆ به‌گزاده‌، هه‌موو قۆناغه‌كانی خوێندنی به‌سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو كردووه‌. به‌رده‌وام بووه‌ له‌ خوێندن تاكو بڕوانامه‌ی ماسته‌ری به‌ده‌ست هێناوه‌ و ئێستاش مامۆستا و وانه‌بێژی زانکۆیە.
خاتوو ئاهه‌نگ فه‌یزی خانۆ به‌گزاده‌، له‌ساڵی 2021 په‌یوه‌ندی به‌ پارتی چه‌پی سه‌وزی هۆڵه‌ندی ده‌كات هه‌ر زۆر چالاك و ژیرانه‌ له‌ كارە‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌به‌ر ژیری و لێهاتوویی و به‌توانایی له‌ كاره‌كانی، پارتی چه‌پی سه‌وزی هۆڵه‌ندی بڕیاریاندا له‌ساڵی 2022 بۆ پۆستی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كاندیدی بكه‌ن. ئه‌وه‌ بوو، ئه‌م ساڵ له‌ مانگی مارس خۆی هه‌لبژارد بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ شاری ئه‌نشخده‌ له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا. له‌ 16 مارسی 2022 توانی سه‌ركه‌وتووبێت و پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ست بهێنێ و بوو به‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی پارێزگای ئه‌نشخده‌.
خاتوو ئاهه‌نگ فه‌یزی خانۆ به‌گزاده‌، له‌ 30/3/2022 سوێندی یاسایی خواردو ده‌ست به‌كاربوو، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ شانازی بۆ كورده‌كانی ئه‌م شاره‌ و خانه‌واده‌كه‌ی و وێرای كاری فه‌رمی خۆی، چاوه‌روان ده‌كرێ دڵسۆزانه‌ هاوشێوه‌ی بنه‌ماڵەكه‌ی ده‌نگی كورد به‌به‌رزی رابگرێ و كۆژانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بگه‌ێنێته‌ بریار به‌ده‌ستانی ئه‌و وڵاته‌.