وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەكەیەكی نوێی دامەزراند بەناوی ( یەكەی ڕادەستكردن و داواکردنی تۆمەتبار و تاوانباران – وحدە تسلیم و استرداد المتهمین والمجرمین).
وەزارەتی داد بەپێی یاسای بنەماكانی دادگەری سزایی عێراقی- ژمارە 23 ساڵی 1971، ئەم یەکەیەی کردۆتەوە کە دەسەڵاتی تەواوی داوە بە وەزارەتی داد و وەزیری داد، بۆ ئەوەی كار لەسەر ئەو جۆرە دۆسییانە بكەن، و دادگایەكی تایبەتمەند دەستنیشان بکرێت بۆ ڕەوانەكردنەوەی ئەو تۆماتبارانەی كە لەوڵاتی خۆیان تاوانیان ئەنجام داوە یان داواكراون.
ئەم یەکەیە بەشێکی سەرەکی بەڕێوهبەرایەتی کاروباری یاساییە لە دیوانی وەزارەتی داد و، ئەندامی داواکاری گشتی/ بەدرەدین بەرزنجی، ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ئەو یەکەیە و دیراسەتکردنی دۆسییەکانی پێسپێردراوە.
لە لێدوانێکیشدا، ئەندامی داواکاری گشتی/ بەدرەدین بەرزنجی، باسی لە گرنگی کردنەوەی ئەو یەکەیە کرد و گوتی کە ” ئەرکی ئەوان تاوتوێکردنی دۆسیەكانی داواكردن و ڕادەستكردنەوەی ئەو تۆمەتبار و وتاوانبارانەیە کە (هاووڵاتی وڵاتێکی بیانین) و بە هەر هۆیەکەوە بووە، هاتوونەتە عێراق یان هەرێمی کوردستان، پاش ئەوەی دۆسییەکانمان بەدەست دەگات خوێندنەوەیان بۆ دەکەین و ڕاوبۆچوونی خۆمانی لەسەر دەنووسین . هەتا ئەو کاتەی هەموو مەرجەکانی تەواو دەبێت، ئەگەر ئامادە بوو ئەوکات بۆ دادگای تایبەتمەندی ڕەوانە دەکەین و هەموو ڕێکارەکانی دیکەشی لەلایەن دادگاوە جێبەجێ دەکرێت، ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، دادگای تاوانی (3) ی هەولێری دیاری كردووە، بۆ بینینی دۆسیەکانی ڕادەستكردنەوەی تاوانباران .”
سەبارەت بەوەی کە بۆچی ئەم دۆسییەیە تا ئێستا هەر بە وەزارەتی دادەوە پەیوەستە، بەڕێوهبەری یەکەی ڕادەستکردن و داواکردنی تۆمەتباران گوتی کە ” لەیاسای ئەنجوومەنی دادوەری ژمارە (23) ساڵی (2007) ی هەرێمی کوردستان، باس لەوە نەكراوە كە ئەو دەسەڵاتانەی دراوەتە وەزیری داد (لەوبارەیەوە) بگوازرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی دادوەری، بۆیە تا ئێستا لە هەرێم ئەم دۆسیە بە وەزارەتی دادەوە پەیوەستە، بەڵام هەماهەنگی تەواومان هەیە لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان” .
لەبارەی چۆنێتی ڕێکارەکانەوە. ئەندامی داواکاری گشتی بەدرەدین بەرزنجی گوتی ” كاتێك ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، دۆسیەیەكی ڕادەستكردنەوەیان پێدەگات، ئەگەر بە هەرێمەوە پەیوەست بوو، ئەوا ئاڕاستەی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی دەکەن ، ئەوانیش لەڕێگەی خۆیانەوە ئاڕاستەی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەكەن. لە وەزارەتی دادیش وردبینی تەواو بۆ دۆسیەكە دەكرێ ئینجا ئاراستەی دادگای تاوان دەكرێ” .
لەبارەی گرنگی کردنەوەی ئەم یەکەیەشەوە گوتی ” ڕێکخستنەوەی کاروباری تەسلیمکردنەوەی تاوانباران، زۆر پێویست بوو، چونکە خەریکبوو کاروباری دوو پرۆسەی یاسایی گرنگ، تێکەڵ بەیەک دەبوون، کە یەکەمیان: (دەرچوونی فەرمانی نێودەوڵەتییە بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران)، کە ئەمەیان ئەرکی پۆلیسی نێودەوڵەتییە(ئینتەرپوڵ)، لەگەڵ( پرۆسەی ڕادەستکردنەوەی تاوانباران)ە، کە ئەرکی وەزارەتی دادە ” .