شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

پەیامی دەزگای رۆشنبیری پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی(٦٣)ەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی (خەبات)

بەڕێزان/ سەرنووسەر و ھەڤاڵانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و کادیر و كارمەندانی رۆژنامەی (خەبات)

ئەمڕۆ(63)ساڵ بەسەر دەرچوونی رۆژنامەی (خەبات) رەت دەبێ، ئەو كاروانەی وێرای كۆسپ و بەربەستی زۆر بەردەوام بووە و توانیویەتی وەك رۆژنامەیەكی رەسەن خزمەت بە بواری رۆژنامەگەری و رۆشنبیری بكات.
تەمەنی پڕ بەخششی(خەبات)شایەتی گرنگی و رۆڵی بەرچاوی دەدەن لە بەرەوپێشبردن و پەرەگرتن و دەوڵەمەندكردنی رەوتی رۆژنامەوانی بەتایبەتی و بزاڤی رۆشنبیری بە گشتی، بۆیە (خەبات)بەردەوام خاوەن سیستەم و پلانێكی پیشەوەرانە و رێكوپێكە بەو پێیەی پەیرەوی پرەنسیپ و ئیتیكی راستەقینەی رۆژنامەوانیی دەكات بە رەچاوكردن و بەهەندگرتنی مسداقیەت و بەرپرسیاریتی.
رۆژنامەی(خەبات) لە هەموو روویەكەوە خزمەتی گەنجینەی كولتووری و رۆشنبیری نەتەوەیی گەلەكەمانی كردووە، لەوانەش لە رووی زمان و مێژوو و بە ئەرشیفكردن، هەروەها سەرچاوەیەكی مێژوویی و ئەكادیمی و مەعریفیشە بۆ توێژی میدیاكاران و رۆشنبیر و ئەكادیمیستان، بۆیە هەمیشە مایەی رێز و ستایش و شانازییە.
لە (63)ەمین ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی(خەبات) وێرای پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ بەرەو پێشچوونی رۆژنامەكە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و خوێنەرانی رۆژنامەی(خەبات) دەكەین و، دەستی ماندووبونتان دەگوشین، هیوادارین بۆ ساڵی داهاتوو لە هەموو روویەكەوە بەرەو پێش بچن…
دەزگای رۆشنبریی و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٤ـی نیسانی ٢٠٢٢