کۆمیسیۆن دەتوانێت لەو ماوەیەی دانراوە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن تەواو بکات

پارتی و پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، بەڵام هەندێک حزب بەربەست دروست دەکەن و نایانەوێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت. ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتییش لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێ، وەکو پارتی زۆر لە مافەکانی خۆمان خۆش بووینە، هەتا دەسپێشخەریمان کردووە کە کۆمیسیۆن بە پێکھاتەی ئێستا کارا بکرێتەوە، بەس بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت. بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش، دەڵێ، کۆمیسیۆن پێویستی بە ٦ مانگە بۆ هەڵبژاردن، بۆیە ئەگەر ئیرادە هەبێت، هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەکرێت.

تا ئێستا پرسی کۆمیسیۆن یەکلایی نەبۆتەوە و لایەنەکان پڕۆژەیان بۆ هەموارییاساکە پێشکەش کردووە، ئەمەش بیانووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەكرێت، چونکە تا کۆمیسیۆن نەبێت ناتواندرێت ھیچ کارێکی دیکە بکرێت. کۆمیسیۆنیش دەڵێ، ٦ مانگ کاتمان پێویستە.
بە گوتەی شارەزایانی بواری هەڵبژاردن، هەموارییاسای هەڵبژاردن کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات و دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەو حزبانەیڕێژەی دەنگدەریان کەمە نەگەنە پەرلەمان، لەگەڵ ئەوەی مەترسی بۆ یەکپارچەیی خاکی هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسوومێکی هەرێمی دەرکردووە و تێیداڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ـی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە و کۆمیسیۆنیشڕاگەیاندووە، پێویستیی بە شەش مانگە بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن.
دوای دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
یاسای کۆمیسیۆن هەیە و پێویستی بە هەموارکردنەوە نییە
خەدیجە عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ “هەولێر” گوتی: “تا ئێستا ڕێککەوتن لەسەر کۆمیسیۆن نەکراوە و لایەنەکان لەجیاتی ڕێککەوتن لەسەر کاراکردنەوەی یاخود دروستکردنی کۆمیسیۆنێکی نوێ، ئێستا پڕۆژەیەکیان پێشکەش کردووە کەیاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، کەیاسای هەڵبژاردن هەیە، کۆمیسیۆن پێویستە کارا بکرێتەوە یاخود کۆمیسیۆنێکی نوێ دروست بکرێت، چونکە بێ کۆمیسیۆن ھیچ کارێک ناکرێت، لەگەڵ ئەوەی یاساکە ھیچ گرفتێکی نییە.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: “لەگەڵ هەندێک لایەن لەسەر دوو خاڵ ناکۆکیمان هەیە ئەوانیش بریتین لەوەی کە هەندێک لایەن داوا دەکەن کوردستان بکرێتە چوار بازنە، لەگەڵ ئەوەی باسی ئەوە دەکەن کە پێكهاتەكان دەبێت تۆمارێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت، ئەوەش پێویست ناکات، چونکە هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسییە.
پارتی سوورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت
خەدیجە عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکراشی کرد: “وەکو پارتی زۆر لە مافەکانی خۆمان خۆش بووین و نەرمیمان نواند و دەسپێشخەریمان کردووە، بەس بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، چونکە پارتی سوورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، بەڵام دیارە هەندێک لایەن نایانەوێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، داوا دەکەن یاساکە هەموار بکرێتەوە، بۆیە بە ھیچ شێوەیەک ئەوان ڕازی نابن و بیانوو دەھێننەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت”..
پێكهاتەكان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنن لە کاتی خۆیدا
کلارا عودیشو، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرمانی کوردستان، بۆ “هەولێر” دەڵێت: “ئێمە وەکو پێكهاتەكان لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، چونکە هەڵبژاردن مافێکی شەرعیی هاووڵاتییانە نەک حزب و لایەنەکان، کە هەندێک حزب و لایەنڕێگرن لە بەڕێوەچوونی، سەرۆکی هەرێم وا دەکەی دەسنیشان کردووە کە ١ی مانگی ١٠ـەیە، سەرۆکی حکوومەتیش لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە کە بوودجەی پێویست دابین بکەن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئێمەش وەکو پێكهاتەكان پێشوازیمان لەو ماوەیە کردووە و ئامادەین بۆ هەڵبژاردن.
نوێنەری کریستیانەکان لە پەرمانی کوردستان، دەشڵێ: “وەکو سەرۆک فراکسیۆنەکان لەسەر هەڵبژاردن ٨ جار پێکەوە دانیشتووینە، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ گرفتەکە بدۆزینەوە، چونکە کۆمیسیۆن کارا نییە و پێویستە لەسەرەتادا کارا بکرێتەوە، ئەوەش ئەرکی پەرلەمانە، بەڵام وەکو دیارە هەندێک لایەن و فراکسیۆن بەربەست دروست دەکەن و نایانەوێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، چونکە ئەگەریاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، ئەوە بەو مانایە دێت کە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ناکرێت و دوا دەخرێت، چونکە هەر پرۆژەیەک پێشکەش بکرێت، پێویستی بە کاتێکی زۆرە، بەڕای ئێمە وەکو پێكهاتەكان یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوە نییە، چونکە یاساکە گونجاوە بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەش ھیچ فەڕاغێکی یاسای نییە، بەڵام هەندێک لایەن بۆ مەڕامی خۆیان دەیانەوێت یاساکە هەموار بکرێتەوە، ئەوەش تەنیا بۆ ئەوەیە هەڵبژاردندوا بخرێت.
رێگە نادەین ھیچ لایەنێک دەست بۆ کورسی کۆتاکان درێژ بکات
کلارا عودیشو، ئاشکراشی کرد: “ئەو لایەنانەی داوا دەکەن کوردستان بکرێتە چوار بازنە، بۆ ئەوەیە پێگەی هەرێم لاواز بکەن، ئەوەش لە بەرژەوەندیی هەرێم و پێگەکەی دا نییە، لەگەڵ ئەوەش لە بەرژەوەندیی حزبە بچووکەکان نییە، بۆیە پێویست ناکات کوردستان ببێتە چوار بازنە، هەروەها هەندێک لایەن داوا دەکەن کورسی کۆتاکان کەم بکرێتەوە، وەکو پێكهاتەكان ڕێگە بەوە نادەین، لەگەڵ ئەوەش پشتگیریی سەرۆک بارزانی و فراکسیۆنی پارتیمان هەیە، چونکە ئەوە مافێکی دەستووری پێكهاتەكانە و یەک لە بنەماکانی پێکەوەژیانە، ئەو لایەنانەی ئەو داوایە دەکەن ھیچ کاتێک بەرگریان لە پێکەوە ژیان نەکردووە و باوڕیان بە پێکەوەژیان نییە، کوردستان وڵاتی ئێمەیە و قوربانیمان بۆ داوە، بۆیە بەھیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین ھیچ لایەنێک دەست بۆ کورسی کۆتاکان درێژ بکات.
کۆمیسیۆن پێویستی بە ٦ مانگە بۆ هەڵبژاردن
د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی پارێزگای هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند، ئەگەر ئێستا کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە و ئیرادە هەبێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەکرێت، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان نایانەوێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت، هەر لەبەر ئەوەش داوای هەموارکردنەوەی یاساکە دەکەن، ئەوەش بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا نەکرێت، ئەگەر ئیرادەیەک هەبایە ماوەیەکی زۆرمان لە بەردەست بوو دەتوانرا کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە و هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت، بۆیە ئەوەی ئێستا دەبینرێت ئەوەیە کە پێناچێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت، چونکە کەمتر لە ٦ مانگ ماوە، کۆمیسیۆنیش پێویستی بە ٦ مانگە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، بۆیە ئەگەر کۆمیسیۆن کارا کرایەوە داوا دەکرێت ماوەیەکی دیکە بدرێت بە کۆمیسیۆن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت”.

ھەواڵی زیاتر