هەرێمی کوردستان و سێهەزار منداڵی ئۆتیزم

دووی نیسان ڕۆژی جیهانی ھۆشیارییە بەرامبەر ئۆتیزم، لە ساڵی ٢٠٠٨ بەبڕیاری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ئەم ڕۆژە تەرخان کرا بۆ بیرهێنانەوەی مرۆڤایەتی، کەوا هەموو مرۆڤێکی خاوەن پێداویستی تایبەت پێویستە مافە بنەڕەتیەکانی بپارێزرێت.

لە هەولێری پایتەخت، ئەم یادە كرایەوە و ئامانج لێی بیرهێنانەوەی پێویستییەكان بوو كە بەرپرسان بە جددی كار بكەن بۆ منداڵانی تۆتیزم.
پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو لە وتەیەكدا كە لەو بۆنەیەدا پێشكەشی كرد گوتی: “13 سەنتەری چارەسەری ئۆتیزم هه‌ن، کە 12 سەنتەریان ناحکوومین و بەشێکی زۆریش لەو منداڵانە سوود لەو سەنتەرانە وەردەگرن، بەداخەوە ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەسەرووی 12 ساڵیدایە ناتوانن سوود لەو سەنتەرانە وەربگرن، ئەوەش بارقوورسی و ئازاری ئەو خێزان و دایک و باوکانەی زیاتر کردووە کە ئێمە لە ئازار و ماندووبوونی ئەوان دەگەین چەند زەحمەتە ئەرکیان”.
لە درێژەی وتەكانیدا پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وشدا، “بەمنزیکانە بەردی بناغەی پڕۆژەی سەنتەرێک بۆ ئەو منداڵانە و منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دادەنێین، هەروەها ئەو منداڵانەش کە بێ سەرپەرشتن و جگە لە چارەسەر و سوود وەرگرتن لەم سەنتەرە شوێنی حەوانەوەشیان بۆ دابین ده‌كرێت”.
پاشان کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، لە وتەیەكیدا نیشاردەوە كە ئەمساڵیش لە کاتێکدا یادی رۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزم دەکەنەوە کە هێشتا رەوشی تووشبووانی ئۆتیزم و خێزانەکانییان لەوپەڕی خراپیدایە.
کەمال جەباری گوتیشی: “بە گوێره‌ی ئامارە نافەرمییەکانی کۆمەڵەکەمان، تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار منداڵی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان دا بوونییان هەیە، لەو ژمارەیەش نزیکەی 900 تا 950 حاڵەت لە پارێزگای هەولێر، هاوكات 900حاڵەت لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان، 750 حاڵەت لە پارێزگای دهۆک و لە پارێزگای هەڵەبجەش نزیکەی 400 حاڵەت بوونی هەیە. جگە لە هەڵكشانی ئەوئامارانە هێشتا بەگوێرەی پێویست ئاوڕ لە گرفتەكان نەدراوەتەوە.

ئامارەكان زەنگی مەترسی لێدەدەن
غازی سەلیم ڕاهێنەری منداڵانی ئۆتیزم ئاماری مەترسیداری تووشبووانی ئۆتیزم دەخاتە ڕوو ئاماژە بەوەدەدات كە لە هەرێمی كوردستان هەرچەندە ئاماری فەرمی نییە بەڵام باس لە هەبوونی سێ هەزار نەخۆشی ئۆتیزم دەكرێت، بەدەر لەوەش چەندین خێزان لەبەر هەر هۆكارێك بێت ناوی منداڵەکەیان تۆمار نەكردوە.
لە ساڵەكانی 1970 لە دەهەزار منداڵ تەنها یەك منداڵ ئۆتیزم بوو، لە ساڵی 2000، لەكۆی 150 منداڵ یەك منداڵ دەستنیشان دەكرا بە ئۆتیزم، ە ساڵی 2018 لە 59 منداڵ یەكێكیان بە ئۆتیزم هەژماركرا، لە 2021 لە 44 منداڵ یەكێك دەسنیشانكرا بە ئۆتیزم.
غازی سەلیم ئاماژە بەوەشدەدات كە ساڵ بە ساڵ ئامارەكان پێمان دەڵێن كە نەخۆشی ئۆتیزم لە زیادبووندایە، هەربۆیە پێویستە ئێمە هۆشیار ببینەوە لەسەر ئۆتیزم، هاوكاری ئەو خێزانانە بكەین كە منداڵێكی ئۆتیزمیان هەیە.

پاشخان
ئۆتیزم نەخۆشییەکی ئاڵۆزی مێشکە و بەهۆی کێشە لە کۆئەندامی دەمار دەردەکەوێت واتە بریتیە لە تێكچوونی باری گەشەكردنی ئەقڵ، كە كاریگەری لەسەر مێشك دەبێت لەڕووی چالاكیی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییەكانی بەدەوروبەرەوە لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤدا دەرەکەوێت.
ڕێكخراوی ڕێنمایی دەروونی و خێزانی لە بارەی توشبووانی ئۆتیزمەوە ئاماژە بەوەدەدەن كەتووشبووانی ئۆتیزم لە قسەكردن تێناگەن یاخود بەگران توانای تێگەیشتنی وشەكانیان هەیە و ناتوانن گوێ لەوانیتر بگرن و لە ئاماژەكانی جەستەی بەرامبەر بگەن و كۆنترۆڵی چینەكانی دەنگ و ریتمیەكەی بكەن و هەندێك جاریش وشەی كەسەكانی تر چەند بارەدەكەنەوە و بێتواناشن لەوەی بتوانن پەیوەندی بەوانیترە بكەن لەرووی كۆمەڵایەتیەوە .
پزیشکان دەڵێن ئەو منداڵانەی زووتر کیشەکەیان دەستنیشاندەکرێ وچارەسەریان پێ دەدرێت، مێشکیان باشتر گەشە دەکات و لە رووی رەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە باشتردەبن.
دەستنیشانكردنی نەخۆشیی ئۆتیزم لەرێگەی چاودێریكردنی راستەوخۆی رەفتاری ئەو منداڵانەوە دەبێت لەلایەن كەسانی پسپۆڕەوە بەتایبەتیش بەر لەتەمەنی سێ ساڵی و كۆكردنەوەی زیاتر زانیاری لەباری ئەو منداڵانە لەرێگەی دایك و باوك و كەسە نزیكەكانیانەوە و دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە بەسێ قۆناغدا تێدەپەڕێت پاشان بڕیاری كۆتایی دەدرێت لەوەی كە ئەو منداڵە ئۆتیزمی هەیە یاخود نا كەئەو قۆناغانەش بریتین لەوەی كە منداڵەكە لەلایەن پزیشكی منداڵا ن-پسپۆڕی مێشك-پزیشكی دەروونییەوە دەبینرێت تا پشكنینی وردو و وێنەی تیشكی بۆ بگیرێت و دڵنیاببنەوە لەوەی كە منداڵەكە ئۆتیزمی هەیە.

نیشانەكانی ئۆتیزم
بەرلەوەی باس لە نیشانەکان بکەین ئەبێ بزانین بوونی نیشانەیەک یان دوان یان سێ مانای ئەوە نیە کە منالەکەمان ئۆتیزمی هەیە واتە وەک گوتمان ئەبێ کەسانی پسپۆر و پزیشکان دەریخەن کە مناڵەکە ئۆتیزمی هەیە یاخود نا .

نیشانەکان
• بەگران تێكەڵاو بەكەسانی تر دەبێت واتا پەیوەندی کۆمەڵایەتیان زۆر لاوازە.
• وەك منداڵێكی لاڵ هەڵسوكەوت دەكات.
• حەزی بەفێربوون نییەو دژی دەوەستێتەوە. هەندێ کاتیش زوو فێر ده‌بێت.
• جموجۆڵی زۆرە.
• پێكەنین و قاقا بەبێ هۆ یاخود گریانی نائاسایی .
• زیاد لە پێویست هەستیارن بۆ دەنگ یاخود بە پێچەوانەوە .
• حەزی بەدەستلەملان نییە.
• سەرنجدانیان نیە.
• زۆر دووبارەکردنەوەی ڕەفتارەکان.
• هۆگربوونی بەشتەكان و یاریكردن لەگەڵ ئەو شتانەدا.
• گۆشەگیرە و حەزدەكات بەتەنیا بمێنێتەوە.

هۆکارەکانی ئۆتیزم:
تاکو ئێستا هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکە دیارنییە بەڵام هەندێ کات هۆکارەکان ژینگەیین و هەندێ کات بۆماوەیی کاتێک تاکێکی منداڵی دووانە تووشی ئۆتیزم دەبێت، ئەگەری تووشبوونی منداڵەکەی دیکە 70-90% دەبێت، ئەمەش ئاشکرایدەکات کە نەخۆشییەکی بۆماوەییە و کۆمەڵێک بۆهێڵ بەرپرسن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە.
هۆکاری ژینگەیی وەک تووشبوونی دایک بە نەخۆشی ڤایرۆسی و ژەهراویبوون لەکاتی دووگیانی ئەگەری تووشبوونی کۆرپەلە بە ئۆتیزم زیاد دەکەن.

چارەسەری ئۆتیزم :
توێژینەوەكان سەلماندویانە باشترین چارەسەر دەستێوەردانی پێشوەختە لە پێش تەمەنی سێ ساڵی منداڵەكەوە دەبێت کۆمەڵێک چارەسەر هەن بۆ تووشبووانی ئۆتیزم، کە زۆربەیان پەیوەستن بە چارەسەری رەفتار و گەشەی منداڵان تاکو ئێستا دەرمانێکی تایبەت بۆ نەخۆشییەکە نەدۆزراوەتەوە.
هەندێک جار منداڵان راهێنانیانی تایبەتیان پێدەکرێت، تاکو بتوانن خۆیان خواردن بخۆن و خۆیان پاکبکەنەوە، هەروەها فێری گفتوگۆکردن و چالاکی جەستەیی دەکرێن، هەروەک لە زۆر وڵات قوتابخانە و فێرگەی تایبەت هەن بۆ خوێندنی منداڵانی ئۆتیزم کە پێویستە لەلایەن ڕاهێنەران و شارەزایانی ئەو بوارەوە چاودێری بکرێن و چارەسەرەکان لای ئەوان بکرێت.

ھەواڵی زیاتر