بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی پارێزگاکە شکستیخۆیان ڕاگەیاندووە

ئەو دۆخە نالەبارەی چەند مانگێکە دەسەڵاتدارانی پاریزگای سلێمانی بەسەر خەڵکی پارێزگاکایان هێناوە، لەڕابردوودا لە هیچ شارێکی عێراق بوونی نەبووە. قەیرانەکان بەشێوەیەکن یەک لەدوای یەک سەرهەڵدەدەن و هیچ ئومێد و بەڵێنێکیش بۆ چارەسەر کردنیان نییە و وەک ئەوەی هیچ کەسێک لەو دۆخە بەرپرس نەبێت بەبای خەیاڵی بەرپرسانی پارێزگاکەدا نایەت و خۆیان لێ قەڕ و قەپ کردووە.

چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، جێگری بەڕێوبەری تەندروستیی پاریزگای سلێمانی، ڕایگەیاند؛ ئێمە خەریکی هەڵکردنی ئاڵای سپین لە تەندروستی. ئەو وتەیەی بەو مانایە گوت کە بەتەواوی کەرتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی لەژێر ڕووخاندایە و چیتر ناتوانن وەڵامی داخوازیی و داواکارییەکانی هاووڵاتیان بدەنەوە.
د.هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، ئەوەشی ڕاگەیاندبوو؛ ئەگەر پێشتر کێشەکانی بەهۆی قەیرانی کۆمپانیاکانەوە بو بێت لە سلێمانی بۆنموونە بەهۆی نەدانی پارەی پێشینەی کۆمپانیاکان بەهۆی ئەوەی پارەی نەختینە کەم بو، بەڵام ئێستا کێشەکان لە تەندروستی دەرچوە بۆتە کێشەی گشتی لە سلێمانی، قەیرانی زۆر شت لە تەندروستیدا دروستبووە هەر دەرمان نییە بەتەنها بەڵکو خواردن و پاککردنەوەشی گرتۆتەوە ئێمە هەمو شتێکمان کردوە و بەچەک ئامادەیە، بەڵام کە دەچین بۆ بانکەکان بیانوی ئەوە هەیە ئێستا لەکاتی دابەشکردنی موچەدا بانکەکان پارەی تێدا نییە بۆیە پارەکە خەرج ناکرێتەوە.
دەرمان لە نەخۆشخانەکانی سلێمانیدا نامێنێت
یەکێکی دیکە لەو گرفتانەی خەڵکی سلێمانی ئێستا بە گشتی بە دەستییەوە دەناڵێنن، ئەزمەی دەرمانی نەخۆشخانەکانە بۆ نەخۆشەکانیان. بەهۆی ئەوەی ئیدارەی پارێزگاکەک ئامادە نیە هیچ دەرمانێک بۆ نەخۆشخانەکان دابین بکات، بە ناچاری هاووڵاتیان ڕوو لە دەرمانخانە ئەهلییەکان دەکەن و بە بڕە پارەیەکی خەیاڵی دەرمانیان دەست دەکەوێت.
دكتۆر پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دكتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاندووە؛ چەند مانگێكە بەرپرسانمان ئاگاداركردووەتەوە لە كەمی كارمەند و تاقیگە و ئێستا دەرمانیشی هاتووەتەسەر، لەبەرئەوەی ڕۆژانە زیاتر لە هەزار نەخۆش سەردانمان دەكەن، بۆئەوەی دەرمان و تەعقیمی زۆرمان پێویستە و هاوڵاتیانیش گلەییمان لێدەكەن لە نەبوونی تاقیگە و دەرمان.
دەشڵێت؛ بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە خەڵك ناچارە ڕوو لە دەرمانخانەكان بكات بۆ كڕینی دەرمان و ئەمەش زۆر لەسەر هاوڵاتیان دەكەوێت.
ئەوەشی گوتوە؛ پێویستمان بە دەرمانە لەگەڵ دابینكردنی مەوادی تاقیگە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بە دامەزراندنی كارمەندی نوێیە، لەبەر ئەوەی هەم بیناكەمان و هەم ئەو لۆدەی سەرمانە دوو بووە بە دوو هێندە، ئەو چارەسەریانەی كراوە كاتین و دەبێت حكومەت هەموو شتێكمان بۆ دابینبكات.
ئەم گرفتانەی کەرتی تەندروستی سلێمانی، لە کاتێکدایە، زۆرترین داهاتی کوردستان دەکەوێتە پارێزگای سلێمانی و دەڤەری گەرمیان و ڕاپەڕین، کە دەسەڵاتی ئەو ناوچانە تەنانەت داهاتەکانی ناگەڕێنێتەوە خەزێنەی حکوومەتیش، بەڵکو ئەو داهاتەی بۆ سلێمانیش دەڕوات لە بانکەکان تاڵان دەکرێت و نادرێت بە هاووڵاتیان و وەک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دۆخی خانەنشینانم بینی لە سەرەی وەرگرتنی مووچەکانیان.

ھەواڵی زیاتر