داهاتی نەوت لە عێراق بەرزترین ئاستی لە ماوەی نیو سەدەی رابردوودا تۆمار کردووە و، بۆیەش داوای دامەزراندنی سندووقێکی نیشتمانیی دارایی دەکرێت تا ئەو زیادەیەی لە داهاتی نەوت دەست دەکەوێت، بخرێتە ناو سندووقەکە و بۆ پڕۆژەی ستراتیجی، پەرەپێدانی ئابووری یان نەوەکانی داهاتوو سوودی لێ وەربگیرێت.
عێراق بە پێچەوانەی زۆر وڵاتی تری جیهان کە سندووقی نیشتمانیی داراییان هەیە، بێبەشە لەو سندووقە و نازانێت چی لەو داهاتە بکات مانگانە دەستی دەکەوێت. بەرزبوونی رێژەی گەندەڵی لە لایەک و دانەمەزرانی حکوومەتی نوێ، ئەو مەترسییەی هێناوەتە کایەوە داهاتەکان لە شوێنی گونجاو سوودیان لێ وەرنەگیرێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی کردەوە لە مانگی رابردووی زاینیدا سەرووی ١١ ملیار دۆلار داهاتی بەهۆی هەناردەی نەوت دەست کەوتووە. ئەو داهاتەش بە بەرزترین داهات لەوەتەی نیو سەدەی رابردوو هەژمار دەکرێت.
سەرووی ٩٠%ی داهاتی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت و ئەگەر لە سەردەمی کۆرۆنادا کەمبوونەوەی داهاتی نەوت کاریگەری خراپی خستبێتە سەر ئابووری عێراق، ئەوا ئێستا بەهۆی گرانتربوونی نرخی نەوت لە بازاڕەکان، ژمارەی پێوانەیی لە داهاتی نەوتدا تۆمار کردووە
بە پێی ئامارەکە کۆی داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی ئاداردا بریتی بووە لە ١١ ملیار و ٧٠ ملیۆن دۆلار. عێراق لە مانگی رابردوودا تێکڕا رۆژانە سێ ملیۆن و ٢٤٤ هەزار بەرمیل و بە گشتی لە مانگەکەدا سەرووی ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە. نرخی نەوتیش لەو مانگەدا بە تێکڕا بە ١١٠دۆلار فرۆشراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتدا هەشت ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بووە و نرخی نەوتیش لە کۆتاییەکانی مانگەکەدا زیادی کرد بە تایبەتی دوای ئەوەی رووسیا دەستی بە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا کرد.
ئێستا حکوومەتی عێراق زۆر زیاتر لەو داهاتەی دەست دەکەوێت کە لە یاسای بودجەی ساڵی رابردووی باسی لێوە دەکرێت و ئەگەر سەرنج بدرێتە ئەو نرخەی لە بودجەدا بۆ فرۆشتنی نەوت دەسنیشان کراوە بەو دەرەنجامە دەگەین داهات دوو هێندە زیادە و ئەو داهاتە زیادەیەش هێشتا دیار نییە چی لێ بەسەر دێت.
داهاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە کاتێکدا زیادی کردووە کە ئەو وڵاتە چیتر قەرزی قەرەبووکردنەوەی جەنگی کوێت نادات و ساڵی رابردوو کۆتایی بە سەرجەم قەرەبووەکە هێنا کە بە گشتیی سەرووی ٥١ ملیار دۆلار بوو.
لە پەرلەمانی عێراق پێشنیاری ئەوە کراوە عێراقیش هاوشێوەی وڵاتانی تر سندووقێکی تایبەتی هەبێت بۆ گلدانەوەی ئەو داهاتە زیادەیەی دەستی دەکەوێت و لە داهاتوودا بۆ پێشخستنی ئابووری وڵات و جێبەجێکردنی هەندێک پڕۆژەی ستراتیجی سوودیان لێ وەربگرێت. بەڵام ئەوەی بووەتە لەمپەر لەبەردەم بنیاتنانی ئەو سندووقە ئەو دۆخە سیاسییە نالەبارەیە باڵی بەسەر عێراقدا کێشاوە.
وەک ئاشکرایە نزیکەی شەش مانگە لە عێراق هەڵبژاردن کراوە بەڵام نەتوانراوە حکوومەت پێک بهێنرێت و پێکنەهێنانی حکوومەتیش کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی ئیداری و وەبەرهێنان و سەرجەم کایە سیاسی و ئابووریی و تەنانەت ئەمنییەكان هەبووە.
بەگوتەی مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پرسی دانانی سندووقی دارایی نیشتمانیی پەیوەستە بە دیاریکردنی نرخی دۆلار لە یاسای بودجەی فیدراڵی و پەسندکردنی لە پەرلەمانی عێراق، هەمووی ئەوانەش پێویستییان بە دامەزراندنی حکوومەت هەیە و حکوومەتیش دیار نییە کەی دادەمەزرێت و ئاسۆی دامەرزاندنەکەی روون نییە.
زۆرێک لە نوێنەرانیپەرلەمانی عێراق پاڵپشتی لە پڕۆژەکە دەکەن و پێیان وایە سندووقەکە ئەگەر دابمەزرێت ئەوا بەهۆیەوە دەتوانرێ پاڵپشتی لە نەوەکانی داهاتوو بکات وەک چۆن لە قەتەر و سعوودیە و ئیمارات سندووقی هاوشێوە دامەزراوە.
بۆچوونێکی تر ئەوەیە کە حکوومەت بەو پارەیەی لەبەردەستیدایە کۆمەڵێک وێستگەی گەورەی کارەبا و پڕۆژەی تری بواری بەرهەمهێنان بنیات بنێت بۆ ئەوەی هەر چاوی لەوە نەبێت لە داهاتدا پشت بە نەوت ببەستێت و کەرتەکانی تریش بەرەو پێش ببات و لە سەرچاوەی ترەوە حکوومەت داهاتی دەست بکەوێت و هاوشێوەی سەردەمی کۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوت ناچار بە دەرکردنی هەندێک بڕیار نەبێ کە دواجار ببێتە هۆی پاشەکشەکردن بە ئابووریی عێراق.
لە سەرتای ساڵی ٢٠٢٠ نرخی نەوت بۆ خوارووی ١٦ دۆلار دابەزی و لە کۆتایی ساڵەکە حکوومەتی ناچار کرد بەهای دینار بەرانبەر دۆلار بە رێژەی ٢٠% کەم بکاتەوە بەو ئامانجەی کورتهێنانی بودجەی پێ پڕ بکاتەوە.
بابەتی دامەزراندنی سندووقی نیشتمانیی دارایی لە خولەکانی پێشووتری پەرلەمانیش باس و خواستی لەسەر هەبووە. نەجیبە نەجیب ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی و وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق دەڵێت هەوڵێکی زۆریان دا بۆ دامەزراندنی سندووقەکە بەڵام حکوومەت گرنگیی پێ نەدا.
ئەو پێی وایە سندووقەکە دەبێتە هۆی زیاتر پەرەپێدانی ئابووری عێراق و سوودەکەش لە داهاتوودا رەنگدانەوەی لەسەر تەواوی عێراق دەبێت.
عێراق بە لەبەرچاوگرتنی ئەو داهاتە زۆرەی لە نەوت دەستی دەکەوێت ئەگەر خاوەنی حکوومەتێکی شەفاف و دوور لە دەستوەردانی سیاسی بێت، دەتوانێت ئابوورییەکەی و ژێرخانی ئاوەدانکردنەوە بەرەو پێش ببات.