پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دوو ژن و سێ پیاو بە تۆمەتی تەقەکردن لە سەیران دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، له‌دوو چالاكی‌ جیادا له‌لایه‌ن به‌شی‌ پۆلیسی‌ قه‌ره‌داغ ‌و بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ سه‌رچنار پێنج تۆمه‌تبار ده‌ستگیركران.

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاند، له‌چالاكییه‌كدا دوای‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌ك له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌ چه‌ند تۆمه‌تبارێك ته‌قه‌ ده‌كه‌ن، ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانی‌ پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌كانیان‌ ده‌ستپێكرد بۆ دۆزینه‌وه ‌و ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تبارەکان. سه‌رئه‌نجام توانرا له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ سه‌رچناره‌وه‌ سه‌رجه‌م تۆمه‌تباران كه‌ چوار كه‌سن له‌ سنوری‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ سه‌رچنار ده‌ستگیربكرێن. دوای‌ ده‌ستگیركردنیان ده‌ركه‌وت كه‌ تۆمه‌تباران له‌سنوری‌ هاوینه‌هه‌واری‌ دووكان ته‌قه‌یان كردووه‌.

ئەوەش خرایەڕوو، له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تباره‌كاندا ده‌ستیشگیرا به‌سه‌ر چه‌كێك له‌جۆری‌ كڵاشینكۆف كه‌ به‌تۆمه‌تباران بووه‌.

هه‌ریه‌ك له‌ تۆمه‌تباران:

(ن، ه، ع) له‌دایكبووی‌ 2002 له‌ڕه‌گه‌ز مێ به‌ناسنامه‌ عه‌ره‌ب

(خ، أ، ج) له‌دایكبووی‌ 1991 له‌ڕه‌گه‌زی‌ مێ به‌ناسنامه‌ عه‌ره‌ب

(ك، ك، س) له‌دایكبووی‌ 1993 له‌ڕه‌گه‌ز نێر به‌ناسنامه‌ كورد

(ج، أ، س) له‌دایكبووی‌ 1989 له‌ڕه‌گه‌زی‌ نێر به‌ناسنامه‌ كورد

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، به‌بڕیاری‌ دادوه‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ڕاگیراون ‌و لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه‌.

لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هاتووە، له‌چالاكییه‌كی دیکەدا و دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ تۆمه‌تبارێك له‌سه‌یرانگاكانی‌ سنوری‌ قه‌زای‌ قه‌ره‌داغ ته‌قه‌ی‌ كردبوو، توانرا ده‌ستبه‌جێ له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ قه‌ره‌داغه‌وه‌ ده‌ستگیربكرێت‌ و ده‌ستیشگیرا به‌سه‌ر چه‌كێكدا له‌جۆری‌ كڵاشینكۆف كه‌ تۆمه‌تبار ته‌قه‌ی‌ پێكردبو.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا تۆمه‌تبار (ش، ن، ع) به‌بڕیاری‌ دادوه‌ر ڕاگیراوه‌.