سەد دەرئەنجامی توێژینەوەی زانستی پزیشكی پێشكەش كرا

بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی عێراق دیداری زانستی ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان لە رۆژی توێژینەوەی ڕاهێنراوان بەرێوە چوو.

د. ئاریانا خاڵس سەرۆکی ئەنجومەنی بۆردی کوردستانی بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان لە وتارێكیدا لە بەردەم ئامادەبووانی كۆنفرانسەكە خۆشحاڵی خۆی بە سازدانی دیدارە زانستییەكە نیشاندا کە (١٠٠) ڕاهێنراوی بۆردی کوردستانی لە (٢٨) بواری پسپۆڕی پزیشکی جیاجیا، دەرئەنجامی توێژینەوە زانستییەکانیان هاوبەش دەکەن و تیایدا بەرهەمی توێژینەوە زانستییەکانی ڕاهێنراوانی بۆردی کوردستانی پێشکەش كرا.
پاشان وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتارێكیدا بۆ ئامادەبووان ڕایگەیاند: گرنگە پێکەوە گفتوگۆ بکەین بۆ دروستکردنی پلاتفۆرمێکی زانستی بۆ تۆمارکردنی هەمو ئەو داتایانەی کە لە ئەنجامی پراکتیزەکردنی کاری پزیشکییەوە دروست دەبن، بۆئەوەی توێژەرانمان بتوانن دەستیان بگاتە ئەو داتایانە و لە ڕێگای شیکردنەوە و ڕاڤەکردنیان هەم توێژینەوەی ئاست بەرز بەرهەم بهێنن و هەم هاوکاربن بۆ پەرەپێدانی زیاتری خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی وڵاتەکەمان.
د. ئارام محەمەد قادر گوتیشی: ئەم ئیڤێنتە پێمان دەڵێت ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی گرنگی و بایەخی زۆر تایبەتی هەیەو بۆردی کودستانی توانییەتی دەفەتی گونجاو بۆ پزیشکارانی وڵاتەکەمان بڕەخسێنێت تاکو لەپاڵ خوێندن و ڕاهێنانی کلینیکی، پەرەپێدانی تواناکانی توێژینەوەی زانستی بەهەند وەربگرێت و بیکاتە بەشێکی گرنگی پێداویستییەکانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی (بۆرد) لە هەمو بوارە پسپۆڕییەکان.
بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی، وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند: باوەڕمان وایە پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی لە بواری پزیشکی پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەموو هاوبەشەکانە، بە تایبەتی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پلاندانان و هەمو ئەو لایەنانەی کە لەم بوارەدا هاوبەشن. لە ناو زانکۆکانی کوردستان و هەروەها لە ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکانیش، لە ڕوی ژێرخان و تەکنۆلۆجیاو توانای مرۆییەوە دەرفەتی زۆر باش لەبەر دەستن بۆ پەرەپێدانی زیاتری توێژینەوەکانی بواری زانستە پزیشکییەکان، هەندێک لە زانکۆکانمان توانیویانە تاقیگەی پێشکەوتوو تایبەت بەم بوارانە بنیاد بنێن، بەڵام پێویستمان بە هەماهەنگی زیاترە لە نێوان دامودەزگاکانی خوێندنی باڵاو وەزارەتی تەندروستی و هاوبەشەکانی دیکەمان.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا د. ئارام محەمەد قادر ڕایگەیاند: یەکێک لە گرفتە گەورەکانی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان نەبونی بودجەی تایبەتە بە توێژینەوە، بەداخەوە تا ئێستا لە بودجەی گشتیدا هیچ پشکێک بۆ توێژینەوەی زانستی دانەنراوە، ئێمە هیوادارین لە ئایندەدا پەرلەمانی کوردستان لە یاسای بودجەی هەرێمدا جێگایەکی شایستە بۆ توێژینەوەی زانستی بکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین وەبەرهێنانی زیاتر لە ژێرخان و تەکنۆلۆجیاو پێداویستییەکانی توێژینەوەی پزیشکی بکەین، هەوڵ بدەین توێژەرانمان لە گەشەکردنی تەکنۆلۆجی و میتۆدە نوێیەکانی توێژینەوە دانەبڕێن، پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ ناوەندەکانی توێژینەوە لە سەر ئاستی جیهان هەبێت.
د. ئارام محەمەد قادر زیاتر ڕاشیگەیاند: پلانمان هەیە زۆرترین دەرفەتی خوێندن و ڕاهێنان لە بۆردی کوردستانی بۆ پزیشککارانی گەنجی وڵاتەکەمان بڕەخسێنین، بۆ ئەوەی بتوانن لە وڵاتی خۆمان خەون و ئاواتەکانیان بهێننە دی و رێگە بگرین لە کۆچی بە لێشاوی هزر و توانا مرۆییەکانی وڵاتەکەمان و پزیشککارانی وڵاتەکەمان بە باشترین کواڵیتی و بەرزترین ئاستی زانستی خوێندن و ڕاهێنانی پسپۆڕی خۆیان تەواو بکەن. بۆیەش داواکارم پزیشککارانی وڵاتەکەمان زیاتر کات بۆ توێژینەوەی زانستی تەرخان بکەن.
لەبەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا، د. دارا رەشید وەزیری پلاندانان و د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە دو وتەی جیادا ئاماژەیان بە گرنگیی رۆژی توێژینەوەی راهێنراوان کرد و، ئاماژەیان بە رۆڵی ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان و هەوڵەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توێژینەوەی زانستی کرد.

ھەواڵی زیاتر