دوای سەركەوتنی ڕاپەرینی بەهاری 1991 و ئازادكردنی سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان، ڕژێمی رووخاو هێزێكی زۆری كۆكردەوە و ڕووی لە كوردستان كرد و بەو هۆیەوە هەزاران هاووڵاتی ماڵ و حاڵیان جێهێشت و بەرەو سنوورەكانی ئێران و توركیا كۆچیان كرد، ئەم كۆچە بە كۆڕەوە ملیۆنییەكەی ساڵی 1991 ناسرا كە ڕەتكردنەوەی بەكۆمەڵی ژێردەستەیی بوو.
گەلی كورد دوای ئەوەی ڕاپەرینی كردو توانی رژێمی ڕووخاو لە كوردستان وەدەربنێت، بەڵام ڕاپەرین و سەركەوتنەكە زۆری نەخایاند و هاوسەنگی هێز گۆڕاو كوردیش دەربەدەر بوو، كۆڕەو كۆڕەوێكی گشتی بوو هەموو كوردستانی گرتەوە، كاتی گەڕانەوەی زۆر دیار نییە، زیاتر دەكەوێتە دوای دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش، هاووڵاتیان لە كۆڕەوەكەدا بۆ ئەودیو سنوور رۆیشتن، رێژەیەك بۆ ئێران و ڕێژەیەكیش بۆ وڵاتی توركیا.
دوای دەرچوونی بڕیاری 688 و دیاریكردنی هێڵی 36 ، بڕیارەكە كەوتە قۆناغی جێبەجێكردن و هاووڵاتیان دەستیان كرد بە گەڕانەوە .
لە كاتی كۆڕەوەكەدا هەموو كوردان لە ئەوروپا و رۆژئاوا هاتنە دەنگ و كێشە لاوەكیەكانیان خستە ئەولاوە، چونكە نیشتیمان ئاگری تێبەربوو، كوردی كرد بە یەك، هەروەها نابێت جوامێری خاتو دانیاڵ میتران لە یاد بكەین كە فرانسۆ میترانی سەرۆكی ئەو كاتەی فەرەنسای ناچار كرد ئەم پرسەی كورد بەرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
هەروەها جێمیس بیكەر راوێژكاری بۆشی باوك ئەویش ڕۆڵێكی گرنگی بینی ، ئەوەبوو بە هەوڵی ئەوان هێڵی 36 دیاری كراو و بریاری 688 یان دەركرد، بۆیە ئەو بریارە توانی جینۆسایدی كورد ڕابگرێت و دەوڵەتان یەكیان گرت لەسەر ئەم پرسەو پێیان وابوو جینۆسایدی گەلێك دەبێتە شەرمێك بۆ مرۆڤایەتی لە سەدەی بیستەمدا