ئەمریكا لەسەر هێرشەكەی هەولێر سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سەپاندنی سزای نوێی بەسەر ئێراندا راگەیاند، ئەمەش لە بەرانبەر هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بڵاوی كردەوە واشنتۆن سزای بەسەر كەسێكی ئێرانیدا سەپاندووە كە تۆڕێكی كۆمپانیای هەیە و یارمەتی پێشكەشی ئێران دەكات لە بەرهەمهێنانی مووشەكی بالیستی.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا روونیشی كردووەتەوە محەمەد عەلی حسەینی بریكارێكی كڕینە و دانیشتووی ئێرانە، لە ڕێگەی كۆمپانیاكانیەوە پێداویستی مووشەكی بالیستی كڕیوە، ئەوانەی لەلایەن سوپای پاسداراندا بەكار دەهێندرێن.

وەزارەتە ئەمریكییەكە دووپاتی كردووەتەوە ئەم سزا نوێیە لە تۆڵەی هێرشە مووشەكییەكەی ئێرانە بۆ سەر هەولێر لە ڕۆژی 13ی ئەم مانگەدا و هێرشەكانی حوسییەكان بۆ سەر سعوودیە، سەرباری هێرشە بالیستییەكانی تری ئێران.

ھەواڵی زیاتر