هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و باڵیۆزی ڕووسیا په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا و مۆسكۆیان تاوتوێكرد 

دكتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا پێشوازی‌ لەباڵیۆزی‌ روسیا دەكات و پێشهاتەكان و ‌ڕێگەچارەكانی‌ فراوانكردنی‌ هاوكاری‌ نێوان بەغدا و مۆسكۆ تاوتوێدەكەن.

شاخەوان عەبدوڵڵا ،جێگری‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 30 ی 3 ی 2022،  لەنووسینگەی‌ تایبەتی‌ خۆی لەبەغداپێشوازیكرد لە ئێلبرۆس كۆتراشیڤ، باڵیۆزی‌ رووسیا لەعێراق.
لە دیدارێكدا كۆی‌ پەرەسەندنەكانی‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ و ئەمنی‌ سەرگۆڕەپانی‌ عێراق تاوتوێكرا، هاوكات باسی‌ رێگەچارەو میكانیزمی‌ كاری‌ هاوبەش بۆ فراوانكردنی‌ هاوكاری‌ بوارەكانی‌ وەبەرهێنان و ئابووری‌ نێوان بەغدا و مۆسكۆ كرا. 
جێگری‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەران جەختیكرد لەوەی،‌ دامەزراوەی‌ یاسادانان پشتیوانی‌ كارو ئەركی‌ باڵیۆز و نێردە ‌دبلۆماسییەكانە، لەگەڵ گرنگی‌ چالاككردنی‌ كاری‌ لیژنەكانی‌ دۆستایەتی‌ پەرلەمان لەنێوان عێراق و وڵاتانی‌ دۆستدا.
 گوتیشی‌: ڕوسیا وڵاتێكی‌ گەورە و گرنگە و ئارەزوومەندین پەیوەندی‌ هەردوو گەلی‌ دۆست پتەوبكەین.
لای‌ خۆیەوە باڵیۆزی‌ روسیا خۆشحاڵی‌ خۆی‌ ‌ بەو دیدار و پێشوازییە گەرمە دەربڕی و، جەختیكردەوە كە ‌وڵاتەكەی‌ بە‌پەرۆشەوە لەپشتیوانیكردنی‌‌ عێراق بۆ ‌تێپەڕاندنی‌ قەیرانەكان و ڕوبەڕوبوونەوەی‌ ئاستنەگەكان بۆ بەدیهێنانی‌ گەشەكردن و سەقامگیری بەردەوام دەبێت‌.