لە سلێمانی باندێكی بەكارهێنەر و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیركران

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی وارماوای سەربەبەشی پۆلیسی شارەزوور باندێكی 9 كەسییان دەستگیركرد كە بەكارهێنەرو بازرگانی مادەی هۆشبەر بوون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، پاش بەدواداچونەكانی بنكەی پۆلیسی وارماوا بۆ دەستگیركردنی كەسانی لەیاسا دەرچوو، پاڵپشت بەزانیارییەكانی هێزەكانی پۆلیس و بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی توانرا لە چەند چالاكییەكی جیادا 9 تۆمەتبار بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیربكرێن .
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی: سەرجەم تۆمەتباران بەناسنامە كوردن و توانراوە لە ( ناحەیەی عەربەت، گەرەكەكانی هووانە، كانی كوردە و سەرچنار) لە شاری سلێمانی دەستگیربكرێن و بەشێك لەوتۆمەتبارانە لەكاتی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەردا دەستگیركراوان .
ئاماژە بەوەش دراوە، سەرجەم تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 26 و 30 یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان راگیراون و لەكاتی دەستگیركرنیشیاندا دەستگیراوە بەسەر بڕێك مادەی هۆشبەر لە جۆرەكانی هیرۆین، دەرزی هیرۆین و شیشە و كەلوپەلی بەكارهێنانی مادەكان .
پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەشکرد، کە بەشێك لەو تۆمەتبارانە پێشینەی تاوانی دزیكردن و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەریان هەبوە و پێشتر سزادراون .