لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٦٠ پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری کشتوکاڵدا جێبەجێ دەکرێن

حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ھەولێر ڕادەگەیەنێت، زیاتر لە ١٦٠ پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری ئاژەڵداری و بەرھەمە شیرەمەنییەکان جێبەجێ دەکرێن، بەوەش بەرھەمی ناوخۆ زیاد دەبێت. دەشڵێ، لە وەرزی پێگەیشتنی بەرھەمی جووتیاران، سەرەڕای قەدەخە و دانانی باج، نەتوانراوە ڕێگری لە ھاوردەکردنی بەروبوومی بە قاچاخ بگیرێت، ئەوەش یەکێکە لە مەترسییەکان بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆ.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ، پلانی بۆ ژمارەیەک پرۆژەی گرنگ ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی لە ماوەی ئەمساڵ جێبەجێیان بکات، یەکێک لەو پڕۆژە گرنگانە تەواوکردنی ئەو بەنداوانەیە، کە ماوەی چەند ساڵێکە کارکردن تێیاندا بەردەوامە، کە ژمارەیان ١٩ بەنداوە، جگە لەوە پلانی چەندین پڕۆژەی دیکەش ئامادە کراوە، لە سێکتەرەکانی سەرچاوەکانی ئاو و ئاودێریکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و زیادکردنی ڕێژەی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان، ھەروەھا سێکتەرەکانی سامانی ئاژەڵ و باخداری و ڤیتێرنەری.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەڵێت:” کەرتی کشتوکاڵ لە دونیا یەکێکە لەو کەرتە ئابوورییانەی کە پەیوەندیی ھەیە بە قووتی خەڵکەوە، لە کابینەی نۆیەم ڕاگەیاندنی بۆ کراوە، فڕەجۆرکردنی کەرتەکانی ئابووری زۆر گرنگە، یەکێک لەو کەرتانەی کە زەمینەیەکی لە باری ھەیە کەرتی کشتوکاڵە، کە لەرووی ئاو، خاک و لە ھەموو ڕووێکەوە ھەموو شتێکمان گونجاوە، تەنیا چۆن سوود لە ھەموو ئەو فاکتەرانە وەربگرین لە کەرتی کشتوکاڵ بۆ ئەوەی بکەین بەیەکێک لە پێکھاتەکانی ئابووری، بۆ ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، بۆ فڕە جۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابووری لە ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری ھەیە، لە کابینەی نۆیەم کەرتی کشتوکاڵ، کەرتی پیشەسازی و بازرگانی، لەگەڵ کەرتی گەشتوگوزار، ئەم کەرتانە زۆر گرنگی پێ دەدرێت، لەسەرووی ھەمووشیانەوە کەرتی کشتوکاڵە.
حوسێن حەمە کەریم، گوتیشی: “لە ھەرێمی کوردستان زەوییەکی زۆر باشی لەبار ھەیە، سەرچاوەی ئاوی زۆر باشمان ھەیە، بەڵام لەرووی بەڕێوە بردنەوە پێویستی بە ڕێکخستنەوە ھەیە، ئێستا خۆشبەختانەیاسای پاراستنی ئاو لە پەرلەمانە، لەم خولەدا دەبین بە خاوەنی یاسای پاراستنی ئاو لە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەو ھەموو سەرچاوانە بەگەڕ بخەین ئەو زەوییانەی کە ھەمانە بێگومان دەتوانین کەرتی کشتوکاڵ ببووژێنینەوە و داھاتی جووتیاران و داھاتی نەتەوەی ئێمە بەرز بێتەوە، بتوانین بەشێوەیەکی سەردەمیانە سوود لە ھەموو ئەو سەرچاوانە وەربگرین بێگومان دەتوانین ئاسایشی خۆراکی خۆمان دابین بکەین، ھەمیش دەتوانین ببین بە سەرچاوەی داھات و بەرھەمەکان بۆ پارێزگاکانی عێراق ڕەوانە بکرێت، تەنانەت ھەناردەی دەرەوەش بکەین، ئێستا پیشەسازیکردنی خۆراکی یەکێکە لەو بوارانەی کە کاری لەسەر دەکرێت لەلایەن حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەتی ئێستا پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و لەگەڵ دەستەی وەبەرھێنان و وەزارەتی بازرگانی ھەیە، بۆ ئەوەی چۆن بتوانین ئەم کەرتە بەرەو پێشەوە ببەین، لەبەر ئەوە ھەم بۆ داھاتی نەتەوەیی، ھەمیش بۆ داھاتی جووتیاران گرنگیەکی زۆری ھەیە، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئاسایشی خۆراکی خۆمان دابین بکەین، ھەروەھا بتوانین لەم ڕێگەیەوە ھەم ھاوردەکردنی بەرھەم کەم بکەینەوە، ھەمیش ھەڵی کار بڕەخسێنین، بۆ ئەوەی زیاترین ھەڵی کار لە ھەرێمی کوردستان بەگەڕ بخرێت، لەرێگەی کەرتی کشتوکاڵەوە.
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاشکراشی کرد: “پرۆژەی ستراتیژی بەردەوام لە زیادبووندان، بەتایبەتی لەو دوو ساڵەدا بەردەوامیش لە فراوان بووندان، ١٦٢ پرۆژە بەشێکیان چوونەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، بەشێکیان لە قۆناغە جیاوازەکاندان، لە ھەموو سێکتەرەکان، لە سێکتەری ئاژەڵداری، پەلەوەر، سێکتەری بەروبوومی ڕووەکی و خانووی پلاستیکی و ھەموو ئەو پڕۆژانە کەۆ بەشێکی زۆریان کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەشێکیانیش ئێستا لە قۆناغەکانی تری دامەزراندنی پرۆژەکاندان، مۆڵەت بە ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی دراوە لە بوارەکانی ئاژەڵداری و بەرھەمێنانی شیرەمەنی، کە پڕۆژەی زۆر گرنگن بۆ ئێستای ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ جێبەجێکردنیان ھەنگاوی گەورە دەنێین، بۆ ئەوەی پشت بە بەرھەمی خۆماڵی ببەستین لە بەرھەمھێنانی شیرەمەنی و ئاژەڵداری، پڕۆژەکانیش بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا دابەش
حوسێن حەمە کەریم، ئەوەشی درکاند: “لە وەرزی پێگەیشتنی بەرھەمی جووتیاران، سەرەڕای قەدەخە و دانانی باج، نەتوانراوە ڕێگری لە ھاوردەکردنی بەروبوومی بە قاچاخ بگیرێت، ئەوەشیەکێکە لە مەترسییەکان بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆ، ساڵانە لیستێکمان ھەیە قەدەغەکردن،یان دانانی باج لەسەر بەرھەمی ھاوردە لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمەکانی ناوخۆ، بەڵام ھاوردەکردنی بەروبووم بە ڕێگەی قاچاخ ھەیە و ناتوانین نکۆڵیی لێ بکەین، بۆیە ئەوە کاریگەریەکی نەرێنی ھەیە، بۆیە وەکو وەزارەت بەردەوام داکۆکی لەو بابەتە دەکەین، داوای ھاوکاری دەکەین لەلایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی ھاوکار و ھەماھەنگ بن بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت و پلانەکانی ئێمە و ڕێگەگرتن لەو دیاردەیە.

ھەواڵی زیاتر