چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئەو جەژنەی 3800 ساڵ لەمەوبەر لە شاری كەركوكدا دەگێڕدرا، نەورۆز بووە؟

پسپۆڕێكی بواری شوێنەوار لە هەرێمی كوردستان، توێژینەوەیەکی بڵاو كردووەتە و باس لەوە دەکات 3800 ساڵ لەمەوبەر لە شاری ئاراپخا (كەركوك) جەژنێكی تایبەت بە ناوی (جەژنی گەرما) لە مانگی ئاداردا ئەنجام دەدرا.

د.دڵشاد زاموا، مامۆستا لە بەشی شوێنەواری زانكۆی سەلاحەدین، لە توێژینەوەیەکدا بەناونیشانی (ئەو جەژنەی 3800 ساڵ لەمەوبەر لە شاری ئاراپخا (كەركوك) دەگێڕدرا، نەورۆز بووە؟) نووسیویەتی: لە سەدەی هەژدەی پ.ز.دا ئەم شارە لەلایەن شەمشی ئەدەدی یەكەمی پاشای ئاشورییەوە داگیركرا، ئەو لە شارەكەدا بۆ ماوەیەك مایەوە، هەتا لە مانگی ئاداردا بەشداری ئەو جەژنە بكات، بۆ ئەوەی خۆی لە خەڵكی شارەكە نزیك بكاتەوە و وەك داگیركەر لێی نەڕواندرێت، شەمشی ئەدەد بەم شێوەیە باسی جەژنە دەكات:
“لە شاری ئاراپخا، لە جەژنی گەرما دا بۆ خواوەندی خۆر و خواوەندی هەورەبروسكە قوربانیم كرد…و.. قاچی پەیكەرەكانم ماچكرد.”
وەك دەبینین، جەژنەكە ناوی گەرما بووە و كە شەمشی ئەدەدی ئاشوری بەزمانی خۆی پێی وتووە (جەژنی خەمتوم) واتە جەژنی گەرما، نازانین گەلانی دێرینی شاری كەركوك بە زمانی خۆیان چییان پێ وتووە، جەژنەكە لەسەرەتای مانگی ئاداردا ئەنجام دراوە، بۆ هەردوو خواوەندی خۆر(شوینی) و هەورەبروسكە(تێشوپ)ی خورییەكان ئەنجام دراوە كە یەك پەرستگەیان هەبووە لە شارەكەدا، جا ئایا ناونانی جەژنەكە بە جەژنی گەرما پەیوەندی هەبووە بە كۆتایی زستان و هاتنی بەهار و گەرم بوونی ئاوهەواوە؟
ئایا ناوی گەرمیان و كەركوك كە دواتر لە سەرچاوەكاندا بە بێپ-گرمای ناوی هاتووە پەیوەندی بە وەرگێڕانی ناوم ئەم جەژنەوە هەیە؟