ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وەڵامی چەواشەکارییەکانی پەکەکە دەداتەوە 

ماڵپەڕی فەرمی پارتی ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی چەواشەکارییەكی پەکەکەی سەبارەت بە هێرشکردنە سەریان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە داوە.

لە ڕاگەیەنراوه‌كه‌ی ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان هاتووە “ماوەی چەند ڕۆژێكه‌ میدیاكانی سەر بە پەكەكە ڕاپۆرتێكی بێبنەمایان لە بارەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی دروستكردنی دڵەڕاوكێ و ناسەقامگیری و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی بڵاو كردۆتەوە کە بە فالگرتنەوە، خوێندنەوە و پێشبینی بێبنەما (كە جێگەی سەرسوڕمانە) باسیان لەوە كردووە كە لە 15ی نیسانی داهاتوودا لە چوارچێوەی پلانێكدا پەلاماری چەكدارانی پەكەكە دەدرێت.”

هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەختی کردۆتەوە کە “سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و ڕاپۆرتانە ناڕاستن و بە عەقڵێكی ڕقاوی و ناڕاستگۆ نووسراون، هەروەها پێیان دەڵێین كە 15ی نیسانیش زۆری نەماوە و چاوەڕێ دەبین، ئەوكات درۆ و ناڕاستگۆیی و ئاژاوەگێڕیی ئێوە بۆ خەڵكی كوردستانیش ڕوون دەبێتەوە و دووبارە ڕووی ڕاستەقینەتان بۆ گەل بەدیار دەكەوێ.”

 ئاماژەی بەوەش دا کە “سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرامبەر سەرجەم پرسەكاندا زۆر ڕوون و ئاشكرایە و پیلانگێڕی و ئاژاوە لە ئێوە و هاوشێوەكانتان دەوەشێتەوە نەك لە خەڵكی تر.”

ھەواڵی زیاتر