سەرۆکی هەرێم: هەولێر ئامادەیە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی سەقامگیر و دروست لەگەڵ بەغدا 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دۆخى عێراقی له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا تاوتوێ کرد و دووپاتی کردەوە کە هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ ئاماده‌يه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراليى عێراق به‌ گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور به‌ شێوه‌يه‌ك كه‌ هه‌مووان براوه‌بن.

نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ پێشوازى له‌ مارتين يێگه‌ر باڵيۆزى ئه‌ڵمانياى فيدرال له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ ڕاسته‌ڕێكردنى پرۆسه‌ى سياسى كه‌ ببێته‌ مايه‌ى ئارامى و سه‌قامگيرى، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.

نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ خاڵى هه‌ره‌ گرنگ بۆ عێراق و داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات، سه‌قامگيرى و ده‌رفه‌تى گفتوگۆيه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى جياوازييه‌كان و گه‌يشتن به‌ خاڵى هاوبه‌ش، بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌كه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى دروست بچێته‌ پێشه‌وه‌.

هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ ئاماده‌يه بۆ چاره‌سەر‌كردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراليى عێراق به‌ گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور به‌ شێوه‌يه‌ك كه‌ هه‌مووان براوه‌بن و سه‌قامگيرى و په‌يوه‌ندييه‌كى دروست له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا بهێنێته‌ دى. ‌

لاى خۆيه‌وه‌ باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا وێڕاى خستنه‌ڕووى به‌رنامه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان، جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵمانيا و وڵاتانى ئه‌وروپا به‌ بايه‌خه‌وه‌ سه‌يرى پرۆسه‌ى سياسى و سه‌قامگيرى له‌ عێراق ده‌كه‌ن و خوازيارن پرۆسه‌ى سياسى هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بنێت.

له‌ ديداره‌كه‌دا كونسوڵى گشتيى ئه‌ڵمانيا به‌ وه‌كاله‌ت له‌ هه‌ولێر و شاندێك، ياوه‌رى باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا بوون.