ئیدارەی سلێمانی دەست لە سزادانی خەڵکی شارەکە هەڵناگرێت

ماوەیەکە دۆخی شاری سلێمانی بە بارێکی سەختی دارایی و ئیداریدا تێدەپەڕێت و ئیدارە و دەستەڵاتدارانی پارێزگاکەش بێ باک و خەمساردانە سەیری گرفت و کێشەی خەڵکی شارەکە دەکەن و جار بە جار بەرپرسێکی حزبی دەڤەرەکە وەک ئەوەی چاکە لەگەڵ خەڵکی شارەکە بکات، لە داهاتی دەستبەسەرگیراوی پارێزگاکە گرفتە بچوکەکان چارە دەکەن، لە کاتێکدا داهاتی پارێزگاکە هێندەیە ئەگەر بە شەفافی کۆ بکرێتەوە و دابەش بکرێت نەک تەنیا لە پارێزگای سلێمانی، بەڵکو کێشەی دارایی لە هەرێمی کوردستان بەرەو چارەسەر بوون دەچێت.

ماوەی هەفتەیەکە، خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی پارێزگای سلێمانی، ڕۆژانە ڕیز دەبەست لە بەردەم بانکەکان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، سەرباری ئەوەی مووچەکانیان پێ نادەن هیچ وەڵامێکی ڕوون و دڵنیا کەرەوەیان پێ نادەن و ئەمڕۆ و سبەینێان پێدەکەن. بەداخەوە تا دوێنێ زیاتر لە ٤ خانەنشین لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە سەرەی وەرگرتنی مووچەدا گیانیان لە دەستداوە و ئیدارەی پارێزگاکەش هیچ وەڵامدانەوەیەکی بۆ ئەوە دۆخە نەبووە، کە بەداخەوە گیانلەدەستدانی ئەو خانەنشینانە بەهۆی قەرەباڵغی سەرەی مووچە و ڕەچاو نەکردنی دۆخی تەندروستیانەوە ڕووی داوە.
بە گوتەی چەند خانەنشینێک، ئەوان ڕۆژانە لەگەڵ شەبەقی بەیانی بە ئومێدی وەرگتنی مووچەکانیان ڕوو لە دەرگای بانکەکان دەکەن و دەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە نێو ماڵ و منداڵیان و هۆکاری پێ نەدانی مووچەکانیشیان تەنیا یەک وەڵامە کە پێیان دەگوترێت، ئەویش نەبوونی پارەیە لە بانکەکان.
ئەوەی هەولێر لە ئەنجامی گفتوگۆ و بەدواداچوونی خۆی لە بانکەکانی سلێمانی دەستی کەوتووە، بە بەرچاوی کارمەندانی بانکەکانی سلێمانیەوە چەکدارانی بەرپرسە یەکەمەکانی سلێمانی بە ئاشکرا پارەی خەیاڵی لە بانکەکان دەبەن و لە ترسی کوشتن و سزادانیان ناتوانن هیچ ڕێکارێکی یاسایی بگرنە بەر لەسەر ئەو تاڵان کردنەی بانکەکان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی دەست پێکردووە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ٣ و تا ئێستا مووچەی خانەنشینانی پارێزگای سلێمانی دابەش نەکراوە، ئەمە ئەو گومانەی لای ئەوان زەق کردووەتەوە کە پارەکانیان لە بانکەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی شارەکەوە دەبردرێت و دواتر بە میزاجی خۆیان دابەشی دەکەنەوە. بە گوتەی چاودێرێکی سیاسی، لە سلێمانی هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر پرسیارەوە، لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەمان میکانیزمی پارێزگای هەولێر و دهۆک مامەڵە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی دەکات و لەو ٢ پارێزگایەی دیکە ئەو جۆرە کێشە و گرفتانە بوونیان نییە کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە. ئەو چاودێرە، هۆکاری ئەو جۆرە مامەڵەیەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، لە ڕێگای سزادانی خەڵکی سلێمانیەوە بیەوێت فشاری سیاسی لە بەرامبەر ناکۆکیە حزبیەکان بەکاربێنێت دژی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر