سەیرانگاکانی کوردستان جمەیان دەهات لە گەشتیاران

ئەگەرچی نالەباری کەش و ھەوای ڕۆژانی نەورۆز و دابەزینی پلەکانی گەرما ڕێگر بوو ئەمساڵ گەشتیاران سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام ھەفتەی ڕابردوو سەدان ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، ئەو پلانەی پێشتر دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بۆ سەڵامەتیی گەشتیاران و ڕەوشی گەشتیاریی دانا بوو، زۆر بەباشی و بەبێ گرفت بەڕێوە چوو.

وەرزی گەشتیاری کاریگەریی لەسەر جووڵەی گەشتیاری دەبێت و باشتر بازاڕ دەبووژێتەوە و ھۆتێل و مۆتێلەکان و ناوچە گەشتیارییەکان پێش بۆنە و پشووەکان پلانی خۆیان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران دادەنێن.
ھەرێمی کوردستان شوێنی زۆر خۆش و دڵڕفێنی ھەیە و ساڵانە لە بۆنە و پشووەکان سەدان ھەزار گەشتیار ڕووی تێدەکەن، گەشتیاری جەژنی نەورۆز گەشتیاری ناوخۆی، ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ئێران و وڵاتانی دیکە بوون.
گەشتیاران دەڵێن، ڕاگرتنی شوێنە گەشتیارییەکان بە پاک و خاوێنی ئەرکی ھەمووانە و دەبێت ئەو ئەرکە وەکو خۆ جێبەجێ بکەین، لە تەواوی شوێنە گەشتیارییەکان جگە لە گرنگی دان بە پاک و خاوێنی لە ھەمان کاتدا ئەمساڵ گرنگییەکی باش بە خواردنی کوردی و جلوبەرگی کوردی درابوو.
تیمەکانی تەندروستی، ھێزەکانی ئەمنی، پۆلیس و ئاسایش لە ھەموو شوێنە گەشتیارییەکان بڵاوببوونەوە و لەناو گەشتیاراندا دەبینران و لە خزمەتی گەشتیاراندا بوون ئەوەش ببووە جێگەی خۆشحاڵی گەشتیاران و ھیوادار بوون کوردستان ھەروەھا خۆش بێت و ڕۆژبەڕۆژ پێش بکەوێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی ڕابردوو ٢٤٠ ھەزار گەشتیار ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردبوو، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ڕێژەکە زۆر بەرز ببێتەوە و ھاوشێوەی ساڵانی زێرینی گەشتیاری لێ بێتەوە.
ھەڵگرتنی باجی ھاتنە ژوورەوە لە سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، نەمانی داعش و باشبوونی دۆخی ئابووری ھۆکاری سەرەکی زیادبوونی گەشتیاران بوون.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئیدارەی پارێزگاکان لە پێش جەژنی نەورۆز ڕێکاری تایبەتی ژینگەپارێزیان دارشتبوو و دەستەی ژینگەش داوای لە ھەموو گەشتیاران کردبوو لە پێناو پاراستنی ژینگەی کوردستان دیمەنی سەیرانگاکان بە پاک و خاوێنی ڕابگرن، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە پەیامی پیرۆزبای جەژنی نەورۆزدا داوای لە ھاووڵاتییان و گەشتیاران کرد، لە کاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا، پاکو خاوێنی ژینگەکەیان بپارێزن و ڕێنماییەکانی ھاتووچۆش جێبەجێ بکەن.
ڕێکارەکانی دەستەی ژینگە بۆ پاراستنی ژینگە بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕۆژانی نەورۆزی ئەمساڵ بەدی دەکرا، دابەشکردنی کیسی خۆڵ و خاشاک بەسەر گەشتیاران ھەوڵێک بوو بۆ ئەوەی گەشتیاران ژینگە بپارێزن، بایەخدان بە پاراستنی ژینگە وەک بەشێک لە ئاسایشی نیشتمانی بەشێک بوو لە ھۆشیاری دەستەی ژینگە بۆ گەشتیاران.
دوای کەمبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە تەواوی جیھاندا، ڕەوتی گەشتیاری دەستی بە جووڵە کردووەتەوە.
ماوەی دوو ساڵ بوو ھەرێمی کوردستانیش بەھۆی ڕێنماییەکانی کۆرۆنا ڕێگری لە گەشتکردن و یادەکانی ئادار و نەورۆزی کردبوو، ئەمساڵ ئەو ڕێگرییانە ھەڵگیران و گەشتیارێکی زۆر ڕووی لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان کرد.
خاتوون حامد، کە خەڵکی سنووری پارێزگای مووسڵە، بۆ گەشت و سەیران ڕووی لە سەیرانگاکانی ھەرێمی کوردستان کرد بوو بۆ “ھەولێر” گوتی:” زۆر خۆشحاڵ بووم لەم نەورۆزەدا کە لە کەشوھەوایەکی ئازادا لەگەڵ خزم و کەسانی خۆم ڕووم لە شوێنە گەشتیارەکانی ھەرێمی کوردستان کرد، ھیوادارم کوردستان ھەروا خۆش و پێش بکەوێت.
ئەحمەد خانۆ، گەشتیارێکی دیکەیە، بۆ “ھەولێر” ڕوونیکردەوە:” داوا لە گەشتیاران دەکەم پابەندی ڕێنماییەکان بن و ژینگەی کوردستان پیس نەکەن و کوردستان چۆن پاکە ھەر وا بە پاکی ڕابگرن، چونکە گەشتیاران تا کۆتایی وەرزی بەھار ڕوو لە شوێنە گەشتیارەکان دەکەن.
فاتیمە ئەیاد، گەشتیارێکی ناوەڕاستی عێراقە بۆ “ھەولێر” دیارکرد:” کەشوھەوای ھەرێمی کوردستان زۆر خۆشە، ئەمن و ئەمان ھەیە، زۆرجار سەردانی ئێرەمان کردووە و تێبینی ئەوەمان کردووە کە خەڵکی ھەرێم زۆر باشن و ھاوکارن بۆ ئەوەی بە ئاسانی بگەینە شوێنە گەشتیارییەکان و کاتێکی خۆشی تێدا بەسەر بەرین.
ئەیاد، دەشڵێ:” ئەوەی بۆتە جێگەی نیگەرانی ئەوەیە کە بەشێک لە گەشتیاران ڕێنمایەکانی ژینگەپارێزی لە بەرچاو ناگرن و ژینگەیان پیس کردووە، بۆیە داوا لە گەشتیاران دەکەین ژینگەی شوێنە گەشتیارییەکان پاک ڕابگرن، چونکە ڕۆژانی دواتر ھەر ئێمە، یان گەشتیاری دیکە ڕوو لەو شوێنانە دەکەن، بۆیە ئەرکە شوێنە گەشتیارییەکان پاک ڕابگرین.
بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، بە “ھەولێر”ـی گوت: “لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا نزیکەی ٧٥ ھەزار گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی، سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سۆرانیان کردووە.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، دەشڵێ، ئەو ڕسووماتەی کە لە دەروازە سنوورییەکانی ئێران ھەڵگیراوە، کاریگەریی ھەبووە لەسەر زیادبوونی گەشتیاران لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت ھاتنی ڕێژەی گەشتیار لە ماوەی ئەمساڵدا بەرزبێتەوە”.

ھەواڵی زیاتر