زیاتر له‌ 110 رۆژه‌ بكوژانی نه‌قیبه‌كه‌ی سلێمانی ده‌ستگیرنه‌كراون

ماوه‌ی 113 رۆژه‌ بکوژانی نەقیبەکەی سلێمانی دەستگیرنەکراون، کەسوکارەکەشی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد، هەرگیز ناچینە سەر فەرشی هیچ سوڵحێکی عەشایەری، ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌،‌ پێداگرن لەسەر ئەوەی کە دەبێت تاوانبارەکان دەستگیر بکرێن و یاسا کاری خۆی بکات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ هاوبه‌شه‌كه‌دا هاتووه‌: بەڵێنەکان بۆ چارەسەرکردنمان و پێدانی هەر ئیمتیازێکی دیکەی یاسایی، مافێکی دەستەبەرکراوی خۆمانە و بەهەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە کە بخرێتە بری بێدەنگبوون و چاوپۆشیکردنمان لە دەستگیرکردنی تاوانبارانی ئەم کەیسە.
خوشکی نەقیب محەمەد پێشتر بە کوردستان24ی راگەیاند، وەک کەسوکاری نەقیب محەمەد پێیانوایە تاوانباران کوشتنی براکەیان لەلایەن بەرپرسێكه‌وه‌ داڵدەدراون و نایەنەوێت رادەستی دادگایان بکەن.
ئەو خوشکەی نەقیب محەمەد کە پێی باش ناوی نەهێنرێت، گوتیشی، کاک قوباد کە سوێندی بەسەری باوکی خواردووە، کە تۆمەتباران دەستگیردەکرێن، کەچی وا چوار مانگە بەڵێنەکەی نەبردووتە سەر، بە قسەی ئەو، بەرپرسان زیرەکانە دەیانەوێت رووداوەکە کۆن بێت تا ئەوان ئیتر وازبهێنن لەو ڕێگەیەشەوە کەیسەکە دیزە بەردەخۆنە بکەن.
روونیشیکردەوە، رووداوی کوژرانی براکەیان کاریگەری کردووه‌تە سەر تەندروستی هەموویان، دایکی بەردەوام فشاری بەرزدەبێتەوە و هاوسەرەکەشی دۆخی دەروونی باش نییە و بەردەوام بە رێگەی نەخۆشخانەوەن.
ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە پۆلیسە بریندارەکان نیوەی جەستەی لەکارکەوتووە و لەماڵەوە هیچ شتێکی بۆ نەکراوە، بەڵام کەسی خۆیان بوایە دەمێک بوو بۆ چارەسەر بردبوویانە دەرەوەی وڵات.
وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی پێشتر رایگەیاندبوو، کەیسی نەقیب محەمەد و سێ پۆلیسەکە رێوشوێنی باشی بڕیوە و ئیشەڵا لەماوەیەکی دوور و نزیکدا هەواڵی خۆش دەبیستین، به‌ڵام به‌گوێره‌ی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ هاوبه‌شه‌ی له‌سه‌ر كه‌یسه‌كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هیچ به‌ره‌و پێشچوونێك نییه‌.
هیوا کەریم بە کوردستان 24 گوت، دۆسییەکە لە پۆلیسەوە گواستراوەتەوە بۆ ئاسایش و لێکۆڵینەوەکان زۆر بەنهێنی و شاراوەیی دەکرێن.
سەبارەت بەو دەنگۆیانە کە دەوترێت تۆمەتباران لەلایەن بەرپرسێکی سەربازی دەربازی ئێران کراون، هیوان کەریم ئاماژەی بەوەکرد، ئەو قسانە تەنیا دەنگۆن و بۆ وروژاندنی رای گشتییە، هیچ بەڵگەیەکە بۆ ئەو قسانە نییە.

ھەواڵی زیاتر