له‌ هه‌ولێر نزیكه‌ی هه‌زار پرۆژه‌ به‌نیوه‌چڵی ماونه‌ته‌وه‌

سه‌رباری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كان له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هێشتا به‌هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه‌ نزیك به‌ هه‌زار پڕۆژه‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌خت به‌نیوه‌چڵی به‌جێهێڵدراوه‌، سه‌رۆكی یه‌كێتی به‌ڵێنده‌رانی لقی هه‌ولێر ده‌لێ “له‌ڕابردوودا، كه‌ زۆرترین پڕۆژه‌ له‌ هه‌ولێر بنیاتنران، به‌هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه‌ زۆربه‌یان وه‌ستان و دیاریش نییه‌ كه‌ی ده‌ست به‌كار ده‌كه‌نه‌وه‌”.

له‌ ساڵانی ڕابردوو هه‌رێمی كوردستان له‌ ته‌نگژه‌ی دارایی و شه‌ڕی داسه‌پاوی داعش لولدرا، به‌جۆرێك كاریگه‌رییه‌كانی تا ئه‌مڕۆ درێژبووه‌ته‌وه‌ و ئاسه‌واری له‌نێو شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕوونی دیاره‌، به‌ر له‌ ته‌نگژه‌ی دارایی، ئه‌وكاته‌ی ده‌رگای گه‌شانه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌، به‌خێراییه‌كی سه‌رسوڕهێن پڕۆژه‌ جۆراوجۆره‌كان لێره‌وله‌وێ هه‌ڵده‌تۆقین، هه‌ر باڵه‌خانه‌بوو له‌ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌رز ده‌كرایه‌وه‌، زۆرترین پڕۆژه‌ كه‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌خت بنیاتنران، دوای ته‌نگژه‌ی دارایی زۆریان وه‌ستان و تا ئێستاش به‌ هه‌یكه‌ل مانه‌وه‌.
كاتێك به‌نێو هه‌ولێری پایته‌خت ڕاده‌بری، لێره‌وله‌وێ ئه‌و پڕۆژانه‌ت به‌رچاو ده‌كه‌ون، كه‌ به‌ هه‌یكه‌لی ماونه‌ته‌وه‌ و ماوه‌یه‌كی درێژه‌ جوڵه‌ی لێ بڕاوه‌ و كاریان تێدا ناكرێت و به‌نیوه‌چڵی جێهێڵدراون، ئه‌وانه‌ كه‌ وه‌ك كه‌لاوه‌ دێنه‌ به‌رچاو، ته‌نگژه‌ی دارایی و شه‌ڕی داعش په‌كیخستون و ژماره‌شیان كه‌م نییه‌.
له‌ پشتی ماجدی مۆڵی هه‌ولێر، یه‌ك له‌و پڕۆژانه‌ هه‌یه‌، كه‌ بناغه‌ و چه‌ند یه‌كه‌یه‌ك له‌ پانتایه‌كدا سه‌ریان قوتكردووه‌ته‌وه‌ و ساڵانێكه‌ كاره‌كانی وه‌ستاوه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ ماوه‌ته‌وه‌، پڕۆژه‌كه‌ ڕۆنانی ٢٨٠ یه‌كه‌ی نیشته‌جێكردنه‌ بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت له‌ پشت ماجدی مۆڵی هه‌ولێر، گوژمه‌كه‌ی ١٧ ملیار و نیو ملیۆن دیناری عێراقییه‌ و ٢٨% ی كاره‌كانی ته‌واو كراوه‌، جێبه‌جێكاری پڕۆژه‌كه‌ هیوا بورهان عومه‌ری به‌ڵێنده‌ر له‌ كۆمپانیای ئاژوان بێجان، هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، به‌هۆی ته‌نگژه‌ی دارایی و خه‌رجنه‌كردنه‌وه‌ی پاره‌؛ كه‌ ده‌بێت له‌هه‌ر قۆناغێكی جێبه‌جێكردن بڕی دیاریكراوی له‌ گوژمه‌ی پڕۆژه‌كه‌ پێبدرێت، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌نیوه‌چڵی به‌جێهێڵدراوه‌.
هیوا ده‌ڵێ “جیا له‌و پڕۆژه‌یه‌، به‌ر له‌ ته‌نگژه‌ی دارایی ده‌ستمان به‌ دروستكردنی دوو پڕۆژه‌ی دیكه‌ش له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر كرد، كه‌ ئه‌وانیش كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆشنبیری و كتێبخانه‌ی شه‌قڵاوه‌، ٤٥%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌ و پڕۆژه‌كه‌ی دیش، هۆڵی وه‌رزشی داخراوه‌ بۆ كه‌مئه‌نداماندامان، كه‌ ٥٠%ی كاره‌كانیمان ته‌واو كردووه‌ و به‌هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه‌ كاره‌كانی وه‌ستاوه‌”.
به‌پێی ئاماری یه‌كێتی به‌ڵێنده‌رانی هه‌ولێر، له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، به‌هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه‌ نزیكه‌ی هه‌زار پڕۆژه‌ به‌نیوه‌چڵی ماونه‌ته‌وه‌ و ساڵانێكه‌ كاریان تێدا وه‌ستاوه‌.
دكتۆر سەرۆ ئیسماعیل دزەیی سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەرانی هەولێر، ڕایده‌گه‌یه‌نێ، له‌ سه‌ره‌تای ته‌نگژه‌ی دارایی، له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، نزیكه‌ی هه‌زار و ٢٠٠ پڕۆژه‌ له‌ جێبه‌جێكردندا بوون، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زار و ٨٠ دانه‌یان وه‌ستان، ئه‌و ده‌ڵێ هەرچەندە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاره‌ی نه‌ختینه‌ی بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ ته‌رخانكرد كه‌ ڕێژه‌ی جێبه‌جێكردنیان سه‌روویی٨٥% بوو، دواتریش، بڕیاری خه‌رجكردنی تێچووی ئه‌و پڕۆژانه‌ درا، كه‌ ٧٥% كاره‌كانیان ته‌واو كرابوو، به‌ڵام هێشتا نزیك به‌ هه‌زار پڕۆژه‌ هه‌ن كه‌ كاره‌كانیان وه‌ستاون و دیارنییه‌ كه‌ی ده‌ست به‌كاره‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌”.
به‌ر له‌ ساڵانی ته‌نگژه‌ی دارایی، ڕۆژانه‌ و به‌خێراییەکی سه‌رسوڕهێن هه‌ولێری پایته‌خت له‌ گه‌شه‌ دابوو، هه‌ر پڕۆژه‌ و باڵه‌خانه‌ بوو ڕۆده‌نران و ده‌چوونه‌ ئاسمان، به‌ڵام لە كۆتایی 2013 و سەرەتای سەرهەڵدانی تەنگەژەی دارایی، بێ پارەیی ئیفلاسی به‌ زۆرێك به‌ڵێنده‌ر كرد و پڕۆژەكانیش پەكیان كەوت، كه‌ زۆرێكیان تا ئێستاش به‌ كه‌لاوه‌یی ماونه‌ته‌وه‌.

پاشخان:
لە 17-2-2014 ئەنجومەنی وەزیران، بە بڕیارێك داوای ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پڕۆژانەی كرد، كە بە بەڵێندەران دراون و دەستیان پێنەكراوە، خۆ بۆ ئەو پڕۆژانەشی لە كاركردنن، لە مانگی 4ـی 2014دا، 120 ڕۆژ ماوەكەی درێژ كردەوە و بڕیاریدا 200 ملیار دینار بۆ بەردەوامی پڕۆژەكان بە پێدانی سلفەی بەڵێندەران تەرخان بكات، بەڵام ئەو بڕە پارەیە تەنیا توانی چەند مانگێك خۆ لە گیرفانی بەڵێندەران ڕابگرێت و لەگەڵ سەپاندنی شەڕی داعش، بەڵێندەران بێ پارە و پڕۆژەكان دووبارە وەستانەوە.
دواتر چەكی بانكی بێ ڕەسید و بە مه‌رجی خەرج نەكردن، بە بەڵێندەران درا و ١٢٠ ڕۆژی دیش، ماوەی پڕۆژەكان درێژكرانه‌وه‌. له‌ دواییشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری خەرج كردنی 20% ـی ئەو چەكە بێ ڕەسیدانەی دا.