نووسینگهی پارێزگاری ههولێر راگەیندراوێکی بڵاوكردهوه، تێیدا هاتووه، ئهو پلان و بهرنامانهی كه بۆ رۆژانی نهورۆز ئامادهكرابوون بهسهركهوتوویی جێبهجێكران.
نووسینگهی پارێزگاری ههولێر راشیگهیاند، ویڕای دەستخۆشیمان لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و هێزە ئەمنیەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر و تیمە تەندروستییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لەسێ ڕۆژی جەژنی نەورۆزدا، جارێکی دیكه وەکو پارێزگای هەولێر هاووڵاتییان و هاووشاریانی خۆشەویست دڵنییا دەکەینەوە وەک هەمیشە لەخزمەتیاندا دهبین.
دهقی راگهیهندراو:
بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز کە لەلایەن پارێزگای هەولێر و لێژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر ئامادەکرابوو، بەمەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، هەروەها دابینکردنی هاتووچۆیەکی ئاسودە و سەلامەت لە چوونە سەیران و پابەندبوونی هاووڵاتییان بە پاراستنی ژینگە لەسەیرانگە و شوێنە گشتییەکان، رۆژانی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ لەسنووری پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
یەکەم/ گەشت و گوزار
لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێکهێنرا بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ڕووی گەشتیاراندا، وەکو پێکهێنانی چەند لیژنەیەک بەمەبەستی پێشوازیکردن لە گەشتیاران لەدەروازەکانی هەولێر، هەروەها چاودێریکردن و دابینکردنی خزمەتگوزاری لە سەیرانگاکان و شوێنە گەشتیارییەکان و چاودێریکردنی میوانخانە و چێشتخانەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەواو بە گەشتیاران، ئەمە جگە لە راسپاردنی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان بۆ ئاگادارکردنەوەی چێشتخانەکان بۆ ئەوەی لە رۆژانی جەژنی نەورۆز کراوەبن. لە ماوەی 10رۆژی رابردوودا لە 3/15 تاوەکو 3/25، (100686) سەد هەزار و شەش سەد و ھەشتا و شەش گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.
دووەم/ هاتووچۆی هەولێر
پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی بەبێ هیچ گرفتێک لەشەقامەکان و سەیرانگاکان جێبەجێکران، بەوشێویەش بەخۆشحاڵییەوە هاووڵاتیان لەکاتی چون وگەڕانەوەیان لەسەیرانگاکان تووشی ئاستەنگی هاتووچۆی گەورە نەبوونهوه، تەنیا قەرەباڵغیەکی ئاسایی لەسەر رێگاکان بەهۆی زۆری ژمارەی سەیرانکهران پەیدابوو، سەبارەت بەرووداوەکان لە 3 رۆژی جەژنی نەورۆز بەداخەوە (6) رووداوی هاتووچۆ روویاندا کە لەئەنجامیاندا بەداخەوە (8) کەس برینداربوون و (1) منداڵ گیانی لەدەستدا.
سێیەم/ پۆلیسی هەولێر
سەبارەت بە پلانی ئەمنی و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و ئامادەباشی هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بەبێ گیروگرفت تەواوی بڕگەکانی جێبەجێکران و سەرکەوتوو بوون، لەهەرسێ رۆژی جەژنی نەورۆز ئاماری تاوانەکان بەمشیوەیە بوو، (21) تاوان تۆمارکراوە، (19) تاوان ئاشکراکراوە و تاوانباران دەستگیرکراون، (2) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.
چوارەم/ بەرگری شارستانی
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا (3) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتەکان لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.
ویڕای دەستخۆشیمان لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و هێزە ئەمنیەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر و تیمە تەندروستییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لەسێ رۆژی جەژنی نەورۆزدا، لێرەوە جارێکی دیكه وەکو پارێزگای هەولێر هاووڵاتییان و هاووشاریانی خۆشەویستی هەولێری پایتەخت دڵنییا دەکەینەوە وەک هەمیشە لەخزمەتی ئێوەدا دەبین و بەهەموو توانایەکمانەوە بەپشت بەستن بەتوانا و چاوکراوەیی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ، شەو رۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵتان و دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها دەست خۆشى لە پۆلیسى دارستان و تیمەکانی شارەوانی لەسەرجەم قەزا و ناحییەکان دەکەین، کە لە سێ ڕۆژەی جەژنی نەورۆز لەپێناو پاراستن و هۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتییان بۆ پاک ڕاگرتن و پاراستنی ژینگە و شوێنە گشتییەکان لەئەرکدابوون.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
2022.3.26