پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران لە عێراق بەڕێوە دەچێت و بەرپرسێکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت، بایۆمەتریی دەنگدەران لە عێراق دەستی پێ کردووە و سبەی لە ھەرێمی کوردستانیش بەڕێوە دەچێت.
خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری داوە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران و حەفتەی ڕابردوو بڕیارەکە دەرچووە و لە ١٩ی ئادارەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەھۆی پشووەکانی ئادار و نەورۆز لە ھەرێمی کوردستان دەست بە پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران نەکراوە لە حەفتەی ڕابردوو.”
بەرپرسەکەی کۆمسیۆن گوتی: “بڕیارە لە سبەی، یەکشەممە٢٧/٣/٢٠٢٢ بەدواوە دەست بە پڕۆسەی بایۆمەتری دەنگدەران بکرێت لە ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و ئەو ھاووڵاتییانەی پێشتر بەشدار نەبوون لە بەیانییەوە دەتوانن سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ ئەنجامدانی بایۆمەتری.”
خالید عەباس ڕوونی کردەوە: ”پڕۆسەی بایۆمەتری ئەم جارە ئەو دەنگدەرانە دەگرێتەوە کە پێشتر بە ھەر ھۆکارێک بەشدارییان لە بایۆمەتریی دەنگدان نەکردووە و ئەوانەیشی تەمەنیان گەیشتووەتە قۆناغی یاسایی دەنگدان، واتە ئەو کەسانەی لەدایکبووی ٢٠٠١ ھەتا ٢٠٠٤ دەگرێتەوە، داوا لەو کەسانە دەکەین سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ تۆمارکردنیان لە لیستی دەنگدەران.”