وەزیرى دارایی بەڕێوەبەرى بانکێکى سلێمانى لەکارەکەى دورخستەوە 

بەهۆی گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی لە کاتی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی، ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێوەبەری بانکی تانجەڕۆ لە پارێزگای سلێمانی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.

لە فەرمانێکی وەزاریدا کە واژۆی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانی لەسەرە، هاتووە “بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی پێماندراوە بڕیارمان دا بە دەست لەکارپێكێشانەوەی (سحب الید) بەڕێوەبەری بانکی تانجەڕۆ (روقیا عومەر سەعید)، هەروەها (تارا ساڵح محەمەد)  جێگری بەڕێوەبەری بانکی ناوبراو ڕاسپێردراوە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان.”

هەر لە نووسراوەکەدا بڕیارێکی دیکەش دەرکراوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنرێ و بۆ بەدواداچوون لە هۆکاری گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتییه‌كه‌ لە کاتی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی.

لە فەرمانە وەزارییەکەدا جەختیش کراوەتەوە کە فەرمانەکە لە ڕێکەوتی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.

جێی باسە ئەمڕۆ یەکشەممە دوو هاووڵاتی خانەنشین لە کاتی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیدا گیانیان لەدەست دا.

ھەواڵی زیاتر