لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکوومەتی عێراق لە ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێر بەسەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی گەیشتە پایته‌خت

لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکوومەتی عێراق لە ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر بەسەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی گەیشتە ھەولێر.

لیژنەکە لە رێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی گەیشتە هەولێر و لەلایەن وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد پێشوازی لێ کرا.

لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکوومەتی عێراق لە سەردانەکەی بۆ ھەولێر، بەمەبەستی بەدەستھێنانی زانیاری لەبارەی ھێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆسەر شاری ھەولێر، سەردانی شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان دەکات.

رۆژی 14ی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لە سەردانەکەیدا بۆ شاری ھەولێر رایگەیاند کە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر پێکدەھێنن.

دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان بڵاویكرده‌وه‌، بەرەبەیانی رۆژی 13ی ئەم مانگە، 12 مووشەکی بالیستیکی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاراستەی شاری ھەولێر کران کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە.

دواتر سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر ئاژانسە ھەواڵنێرییەکانی سەر بە وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێری لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند کە بنکەیەکی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج.

لەمبارەیەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: سەبارەت بە ھێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی 13ی ئاداری 2022ی سەر ھەولێر، کە گوایا بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بووە، رایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بو شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەوەنەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەش دوورە لە راستییەوە، ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە.

ھەروەھا لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو کە، بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم ھێرشە ترسنۆکانە، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە و ھاتووە: داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، عەرەبی، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی ئێران دەکەین، بە پەلە لێکوڵینەوە لەم ھێڕش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و راستییەکان بۆ رای گشتیی جیھان ئاشکرا بکەن و ھەڵوێستی توند بەرامبەر بەم ھێرشانە بگرنەبەر.

ھێرشەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەتوندی ئیدانە کرا.

ھەواڵی زیاتر