فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک ئاشکرای دەکات کە دادگایەکی سەربازی لە شاری کەرکووک دەکرێتەوە و زانیاری لەسەر ئەو دادگایە دەخاتە ڕوو.
لەم بارەیەوە، عەمید کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک ڕایگەیاند: ”بڕیارە لە کەرکووک دادگایەکی سەربازی بکرێتەوە، چونکە ئێستا لە مووسڵ دادگای سەربازی هەیە، زۆر جاریش بۆ چوونە مووسڵ لەگەڵ تاوانبار و شاهید کاتێکی زۆری دەوێت، لقێکی دادگای سەربازیی مووسڵ دەهێنرێتە کەرکووک”.
گوتیشی: ”مانگی چەند جارێک لیژنەیەکی دادوەریی سەربازی دێنە کەرکووک و کارەکان لە کەرکووک جێبەجێ دەکەن و دادگاکە تایبەت دەبێ بە هێزەکانی ناوخۆ و هەر کێشە و گرفتێک هەبێت، پێویست بکات دادگای سەربازی یەکلایی بکاتەوە، ئەوا لە کەرکووک یەکلایی دەکرێتەوە”.
لە سەردەمی ڕژێمی بەعس هەر لیوایەکی سوپای عێراق دادگایەکی سەربازیی خۆی هەبوو و بە گوێرەی یاسای سەربازی کاتی بەعس دادگاکان بڕیارەکانیان جێبەجێ دەکرد و ئێستاش لە دوای ساڵی 2003وە جارێکی تر دادگای سەربازی لە کەرکووک دەکرێتەوە کە شارەزایانی یاسایی دەڵێن، ئەو دادگایانە زۆر جار بە سەرپێچیی یاسای سزادانی عێراقی بڕیار بەسەر تۆمەتباردا دەسەپێنن و لە عێراق دادگای سەربازی نموونەیەکی ناشرینی پێشانی خەڵک داوە.