پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، هەروەها پێشبینی دەکەین لە ڕۆژانی نەورۆز 150 تا 200 هەزار ڕووبکەنە شارەکە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند: هەموو ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز تەواو بووە و سەعات 04:00ی ئێوارە ئاهەنگەکە بەڕێوەدەچێت و دواتر مەشخەڵی نەورۆز لە پارکی شانەدەر هەڵدەکرێ. جەختیشی کردەوە کە ئەم فێستیڤاڵە تەنها بۆ خەڵکی شارەکە نییە و بۆ میوانەکانیشە.
ڕاشیگەیاند: چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و لە پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕوو لە هەولێر بکەن.
هەروەها گوتی: بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەردەستمانە لەماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوو ڕۆژانە بە بەردەوامی نزیکەی 10 هەزار کەس تەنها لە بازگەکانەوە ڕوو دەکەنە هەولێر.
گوتیشی: ئەمساڵ ژمارەی گەشتیار بۆ هەولێر زۆر زیادی کردووە، لە 01/01/2022 تا 15/03/ 2022 نزیکەی نیو ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەولێر.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا کە بەپێی پێشبینییەکان و ئەو ئامادەکارییانەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر کراوە لە ڕۆژانی نەورۆز 150 تا 200 هەزار بێنە شارەکە.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە هوتێلەکانی شاری هەولێر جێگە نەماوە کە خەڵکانێک پێشتر شوێنیان گرتووە.