جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند رۆژی پێنجشەممە، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان راپۆرتێک لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری هەولێر دەخاتە بەردەم پەرلەمانی عێراق، بەڵام رەتیدەکاتەوە لە کۆبوونەوەکەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، باڵیۆزی ئێران لەعێراق بەشداری بێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ی ئاداری 2022، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتی: “بڕیارە سبەی پێنجشەممە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکارییەکی زۆر باش لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی 13ی ئەم مانگە بخاتە بەردەم سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بریتی دەبێت لە ژمارەی مووشەکەکان، شوێنی بەئامانجکراو، زیانەکان، دوای ئەوەش ئەگەری کۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئەو پرسە هەیە”.
دەنگۆیەک هەبوو، کە ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق بەشداری لە دانیشتنەکەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەکات، بەڵام شاخەوان عەبدوڵڵا ئەو زانیارییەی رەتکردەوە و رایگەیاند: “ئێستا لایەنی ئێران دەیەوێت ئەم بابەتە دابخرێت، بەڵام ئێمە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدوایدا دەچین و ناهێڵین هەروا ئاسان تێپەڕێت”.
شاخەوان عەبدوڵلا گوتیشی: “دوای راپۆرتەکەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبەرنامەماندایە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەوانە وەزیری ناوخۆ و بەرگری، سەرکردە و فەرماندەکانی هەواڵگری بانگێشتی پەرلەمان بکەین و بزانین کە چۆن ئاگایان لەو رووداوە نەبووە و هیچ لێکۆڵینەوە و وردەکارییەکیان لەلا نییە، ئەوانەی کەمتەرخەمبن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نووسینگەی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە راگەیێنراوێکدا ئاشکرایکرد “سبەی پێنجشەممە، 17ی ئاداری 2022، کاژێر 11 ی پێشنیوەڕۆ حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لێژنەی بەدواداچوونی راستییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر پێکهێنرابوو”.
رۆژی 13ی ئادار 12 مووشەکی بالیستیی دوورمەودا لەسەر رێگەی هەولێر-پیرمام لە هەولێر کەوتەوە، دوای هێرشەکە سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و گوتی ئەو شوێنەی هێرشی کراوەتە سەر بنکەیەکی ستراتیژیی ئیسرائیل بووە، بەڵام خاوەنی ئەو ماڵەی مووشەکەکانی بەرکەوتووە کە سەرمایەدارێکی کوردە بەناوی شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کار گرووپ داوای لە باڵیۆزی ئێران لە عێراق کرد سەردانی شوێنەکە بکات بۆ ئەوەی بۆی روونببێتەوە کە ئەو شوێنەی بە ئامانجکراوە، ماڵە، نەک بنکەی ئیسرائیلی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش رەتیکردەوە کە هیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لە شاری هەولێر هەبێت.
هێرشەکەی سەر هەولێر کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بەدوای خۆیدا هێنا و دوای هێرشەکە مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گەیشتە هەولێر و سەردانی شوێنە بۆردومانکراوەکەی کرد و هێرشەکەی بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەرەیی عێراق ناوهێنا. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش شاندێکی بۆ هەولێر نارد و بڕیاری دا لە هێرشەکە بکۆڵێتەوە.