ساڵیادی لە دایکبوونی بارزانیی نەمر بەرز ڕاگیرا

لە ساڵ رۆژی لە دایکبوونی باوکی رۆحیی نەتەوەی کورد بارزانیی نەمر، کوردستانیان لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستانەوە روویان لە مەزاری نەمران لە بارزان کرد و سۆز و پەیمانیان بۆ رێبازی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان نوێ کردەوە، ھەروەھا ھەر بەو بۆنەیەوە لە شاروشارۆچکەکانی کوردستان بە کۆڕ و سیمینار و چاندنی نەمام ئەو رۆژە بەرز راگیرا.

ئەوانەی سەردانی مەزاری نەمرانیان کردبوو، بە “ھەولێر”ـیان رایگەیاند، سۆز و پەیمان نوێ دەکەینەوە کە ھەردەم درێژەپێدەری خەباتی بارزانیی نەمر بین و، ھاوکار و پاڵپشتی سەرۆک بارزانی بین، بۆ ئەوەی بە ئاواتەکەمان بگەین کە بارزانیی نەمر و باب و باپیرانمان خەباتیان بۆ کردووە.
لەلایەکی دیکەوە بۆ بەرز راگرتنی ساڵیادی لە دایکبوونی بارزانیی نەمر و بۆ کوردستانێکی ژینگە پاک، ھەڵمەتی نەمام چاندن لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەرێوەچوو.
بارزانی ئەو سەرکردە مەیدانییە بوو، کە گەلی بە سەرچاوەی بڕیار و، حزبیشی بە ئامرازی خزمەتی گەل و خۆشی بە خزمەتکاری گەل دەزانی، ئەو لە مێژووی سیاسی خۆیدا، بروای تەواوی بە تۆلیرانس و پیکەوە ژیان ھەبوو و کاری بۆ کردووە و، ھەموو کات دادپەروەر و یەکسانیخواز و، ئازا و جوامێر و، سەرکردەی مەیدانی جەنگ و سیاسەت بووە .
بارزانیی نەمر، رەمزی یەکبوونی گەلی کوردستان بوو، تەنانەت پاش کۆچباربوونیشی بۆتە ھێمایەک بۆ خەباتی نەتەوایەتی کورد لە ھەموو جیھاندا و بۆتە پاڵپشت بۆ خەباتی نیشتمانی گەلی کوردستان، بارزانی بە نەمری لەناو میللەتەکەیدا و، بە مەزنی لەناو مێژووی جیھاندا مایەوە، ئەوەش بەھۆی کۆمەڵێک بنەمای پتەو و پرەنسیپی راست و دروست و ھەڵوێستە مرۆڤ دۆستییە مەزنەکانییەوە، کە لە چوارچێوەی رێبازەکەیدا بۆ کوردستان و مێژووی ئازادیخوازان و نەوەکانی دوارۆژی بەجێ ھێشتووە، بارزانیی نەمر و پێشمەرگەکانی مەزنترین پاڵپشت بوون بۆ کۆماری کوردستان لە مەھاباد، بارزانیی نەمر ھێمای گەلێکی بەشخووراو زوڵملێکرا بوو کە جیھان لە رێگەی ناوی ئەوەوە کوردی ناسی، لە دوای خۆشی رێبازێکی جێھێشتووە کە ئەمڕۆ گەلی کوردستان لە سایەی توانیویەتی لەبەر رۆشناییەکەیدا لە ناوگێژاوی ئاڵۆزییەکانی جیھاندا، سیاسەتێکی ھاوسەنگ و ھێۆر بگرێتەبەر و لەناو ھاوکێشە نێودەوڵەتییەکانی ئەم سەردەمە و سەرباری پشێوی سیاسی لە عێراقدا، پێگەی خۆی بپارێزێت”.

ھەواڵی زیاتر