٧ ملیار دینار بۆ هاوکاری زیانلێکەوتووانی لافاو لە هەولێر کۆکراوەتەوە و دابەشدەکرێت

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕایدەگەیەنێت؛ بڕی ٧ ملیار دینار بۆ هاوکاری زیانلێکەوتووانی لافاو لە هەولێر کۆکراوەتەوە و بەمزووانە دابەشدەکرێت. ئەوەشی گوت؛ هاوکارییەکە لە ڕێگای پارەوە دەبێت و ئەوانەشی ئۆتۆمبێلەکانیان زیانیان پێگەیشتووە قەرەبوو دەکرێنەوە.

دوێنێ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامی کۆکردنەوەی هاوکارییەکانی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر ئاشکرا کرد و رایگەیاند ” بڕی 7 ملیار دینار لەو پارەیەی کۆکراوەتەوە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر ئامادەیە و هەوڵدەدەین بەمزووانە دابەشی بکەین. پێشتریش 4 ملیار دینار بۆ کەلوپەل و پێداویستی وەک هاوکاریی سەرەتایی دابەشکراوە و ئەوە جیاوازە لەو 7 ملیار دینارەی کە ماوە.”
پارێزگاری هەولێر، جەختی لەوە کردەوە کە بەمنزیکانە ئەو هاوکارییە دابەشدەکرێت و گوتی “بەزووترین کات” پارەکە دابەشدەکەن و دەشڵێت “هۆکاری ئەوەی کە تاوەکو ئێستا دابەشنەکراوە ئەوەیە کە زیانەکان بە 20 ملیار دینار خەمڵێنرابوون، بەڵام ئێستا تەنیا 7 ملیار کۆکراوەتەوە. هەروەها ئەوانەیشی هۆکاری دروستبوونی لافاوەکەن بە دڵنیاییەوە سزای ماددی دەدرێن و دواتر لەگەڵ 7 ملیارەکە تێکەڵ دەکرێت و دەست بە دابەشکردنی دەکەین بەپێی زیانەکان.”
باسی لەوانەش کرد، کە لە ئەنجامی لافاودا ئۆتۆمبێلەکانیان زیانی پێگەیشتووە و ڕایگەیاند؛ “خەمڵاندنمان بۆ ئەوانەش کردووە کە ئۆتۆمبێلەکانیان تووشی زیان بووە و ئەوانیش بە دڵنیاییەوە قەرەبووی ئۆتۆمبێل وەردەگرنەوە بەپێی زیانەکان.”

ھەواڵی زیاتر