تاڕۆڵی هەولێر لە سەقامگیریی سیاسی زیاتر بەرجەستە بووبێت، زیاتر کراوەتە ئامانج

جارێکی تر دەستدرێژی کرایە سەر سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان و بە بەر چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، شوێنێکی سڤیل لە پایتەختی هەرێمی کوردستانی کرایە ئامانج. هێرشەکە لە بەرەبەیانی ١٣ی ئادار دانیشتووانی بەشێک لە دانیشتووانی هەولێری لەخەو ڕاچڵەکاند و ڕووداوی تەقینەوە تیرۆریستییەکانی بیر هێنانەوە، بەڵام ئەم جارە بەپێی میدیاكانی ئێران، مووشەكەكان لەو وڵاتەوە ئاراستە كراون.
لە دوای هێرشەکە، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسامی ئێران، بەرپرسیارێتی بەئەستۆ گرت و پاساوەکەشی ئەوە بوو ئەو شوێنەی هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی ستراتیجی ئیسرائیل بووە، پاساوێک کە زۆر سواوە و بە ئاشکرا دیارە بۆچی ئەو وڵاتە هەوڵی
تێکدانی دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەدات.
هەر کاتێک هەرێمی کوردستان بووبێتە چەقی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و ڕۆڵی هەولێر لە سەقامگیریی
ناوچەکە بە گشتی و عێراق بە تایبەتی زیاتر بەرجەستە بووبێت، ئەوا زیاتر بووەتە ئامانجی هێرشەکان. بەشێک لەو هێرشانە کەس خۆی لێ نەکردووەتە خاوەن و بەشێکی تر لە لایەن گرووپە میلیشیا بەکرێگیراوەکان كراون، بەشێکی تریش کە دەرفەتی خۆدزینەوە نەبووە بە پاساوی ساختە و بێبنەما بەرپرسیارێتیی بە ئەستۆ گیراوە
پاساوە بێ بنەماکەی سوپای پاسداران، هەبوونی بنکەیەکی ئیسرائیلییەکانە لە خاکی هەرێمی کوردستان کە بە تەواوی لە لایەن حکوومەتەوە ڕەت کراوەتەوە، پرسیارئەوەیە ئەگەر ئێران ڕاست دەکات بەدوای ئیسرائیلییەکانەوەیە بۆچی هەمان هێرش ناکاتە سەر ئازەربایجان و تورکیا و ئیمارات و چەندان وڵاتی تری دراوسێی و متەقی لێوە نایەت. لێرەدا دەسەلمێت ئەو وڵاتە شوێنێکی تری دێشێت و دەیەوێت هەرێمی کوردستان بەم جۆرە هەڕەشانە ملکەجی سیاسەتەکانی خۆی بکات لە کاتێکدا وەک مەحموود محمەد گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێداگریی لەسەر کرد هەرێمی کوردستان ملکەجی هیچ هێزێک نابێت.
ئەو وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشی مووشەکی بۆسەر
هەولێڕای گەیاند ئەگەر ئێران دەیەوێت بەراستی ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببێتەوە، شوێن و مەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل دیارە و با هێرشی بکاتە سەر نەک شوێنی سڤیل لە کوردستان بکاتە ئامانج، ئەمەش دیارە مەبەستەکە لێی ملکەجکردنی پارتی دیموکراتی کوردستانە و چاک دەزانێت نە پارتی و نە خەڵکی هەرێم ملکەچی ئەو جۆرە گوشارانە نابن، هەرێمی کوردستان نە دوژمنایەتیچ کەس دەکات و نە خوازیارە لە خاکەکەیەوە دوژمنایەتیچ کەس بکرێت. هەولێر لە کاتێکدا کراوەتە ئامانج، کە وەک ناوەندێکی سیاسی بووەتە ئومێد بۆ هەموو عێراقییەكان تا بەمزووانە حکوومەتێکی جیاوازتر لە سەرجەم حکوومەتەکانی پێشتر دابمەزرێت و و حکوومەتێک بێت بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بپارێزێت و، دەستی ئەوانە کورت بکاتەوە کە خوازیاری ئەوەن وڵاتەکە بەردەوام لە ئاڵۆزی و ناکۆکیی سیاسیدا
بێت و لە ئاوی قوڕاو ماسی بگیرێت.
پێشتریش هەر جارێک کە هەنگاوێکی گرنگ بەئاراستەی هەڵبژاردنی سەركۆماری نوێ و بەرەو پێشبردنی پڕۆسەی سیاسیلە عێراق هاتبێیە کایەوە، لەمپەرێک دروست بووە، لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو بەرەوپێشچوونێکی باش لە هاتنەدەر لە چەقبەستوویی پڕۆسەی سیاسی عێراق هاتە کایەوە دوای ئەوەی هەوڵ درا هاوپەیمانێتیی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق بەرفراوانتر بکرێت، ئەگەر هێرشەکەی سەر هەولێر ڕووی نەدابا سەرنجەکان لە جیاتی ئەوەی لەسەر ئەو هێرشە بن لەسەر ئەوە دەبوون ڕێکارێک بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان دەستنیشان بکرێت، بەڵام بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت کاریگەریی نەرێنیی لە دوای خۆی جێهێشتووە.
هەوڵێکی زۆر هەبووە بۆ ئەوەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر قووڵ ببنەوە، بەڵام هێرشە ترسنۆکانەکەی بەرەبەیانی ١٣ی ئادار هەولێر و بەغدای لە یەکتر نزیکتر کردەوە.
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فڕۆکەیەکی تایبەتیی سەربازی خۆی گەیاندە هەولێر و لەگەڵ هەر یەک لە سەرۆک بارزانی،سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و تەنانەت شوێنی ڕووداوەکەشی بەسەر کردەوە .
لیژنەی پێوەندیدار بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێک هاتووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوانە زیاتر شەرمەزار دەبن کە هێرشەکەیان كرد.
سەرهەڵدانی داعش، هێرشە تیرۆریستییەکان، سزای دارایی هەرێم، داخرانی دەروازە نێودەوڵەتییەکان، بەسترانی ئاسمانی هەولێر، پرسی کەرکووک و داگیرکرانی ناوچە کوردستانییەکان لە ڕابردوودا وەک کۆمەڵێک پیان لە ڕابردوودا لە لایەن نەیارانەوە لە دژی هەرێمی کوردستان تاقی کراوەتەوە، بەڵام هەولێر هاوشێوەی قەڵاکەی هەر لەسەر پێی خۆی وەستاوە لە گەشە و پێشکەوتن بەردەوام بووە و هەر ئەمەش وای کردووە چاوی نەیاران بەو گەشەیە هەڵنەیەت و هەوڵی لەباربردنی ئەزموونەکە و تێکدانی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان بدرێت کە بە خوێنی سەدان هەزار شەهید بەدی هاتووە و مووشەک کاری لێ ناکات

ھەواڵی زیاتر