گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێر بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە گوتەبێژی یەكێتیی ئەورووپا لە بەیاننامەیەكدا، بەتوندی ھێرشە مووشەكییەكەی ئێرانی بۆ سەر هەولێر سەركۆنە كرد و رایگەیاند ھیچ پاساوێک نییە بۆ توندوتیژییەکی لەم شێوەیە دژی خاکی وڵاتێکی خاوەن سەروەری.

هەروەها ئاماژەی داوە كە یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتی خۆی بۆ گەلی عێراق، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی سەروەری و سەقامگیریی عێراق.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 13/3/2022 کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بە ژمارەیەک مووشەک کرایە ئامانج و زیانی ماددی بە دەوروبەری کونسوڵخانەکە گەیشت.

دژەتیرۆری کردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند هێرشەکە بە 12 مووشەک کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق و لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستە کراون، ئەنجام دراوە.