چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هیچ ئاماژەیەک نییە کە هێرشەکەى هەولێر بۆ ئامانجگرتنی ئێمە بووبێت

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند لە هێرشە مووشەكییەكەی بەیانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر هەولێر، هیچ ئاماژەیەك نییە كە بنكە و شوێنەكانی ئەمریكا كرابنە ئامانج.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا بەتوندی هێرشە مووشەكییەكەی ئێرانی سەركۆنە كردووە، بەڵام دووپاتیشی كردووەتەوە كە لە ئەنجامی هێرشە مووشەكییەكەی ئێراندا، هیچ هاووڵاتییەكی ئەمریكی زیانی بەرنەكەوتووە.

هەروەها دەڵێ ئەم هێرشانەی ئێران پێشێلكاریی خراپی سەروەریی خاكی عێراقن، پێویستە بەزووترین كات ئەم هێرشانە و دەستێوەردان لە كاروباری عێراق رابگیرێن و ڕێز لە سەروەریی عێراق بگیرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 13/3/2022 کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بە ژمارەیەک مووشەک کرایە ئامانج و زیانی ماددی بە دەوروبەری کونسوڵخانەکە گەیشت.

دژەتیرۆری کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند هێرشەکە بە 12 مووشەک کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق و لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستە کراون، ئەنجام دراوە.