وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ رێگەگرتن لە گرانکردنی نرخی خۆراک و کەلوپەل لە بازاڕ دەکرد.
دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕۆژی چوارشەممە 9/3/2022 کە لە تەوەرێکیدا وەزیری ناوخۆ و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و لیژنەکانی قائیمقامییەت و ئاسایشی بازرگانیی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت ڕاسپارد بۆ چاودێریکردنی بازاڕەکان لە پێناوی ئەوەی کە ڕێگە نەدرێت ئەو دۆخە بقۆزرێتەوە و نرخەکان گران بکرێت و بارگرانی لە سەرهاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی گرنگی لە ڕۆژی یەکشەممە 13/3/2022 ئەنجامدا.
ئاماژە بەوەش دراوە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد کە بریکاری وەزارەت و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەری گشتی دیوان و بەڕێوەبەری گشتی پۆلیس و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس لە شار و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و دوای تاوتوێکردنی بارودۆخی بازاڕ و نرخەکان و هۆکار و پێشنیارەکان، کۆبوونەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی و لە پێناوی ڕێگری لە قۆرخکاری و گرانکردنی بازاڕ، ئەم بڕیارانەی خوارەوەیدا:
یەکەم: دروستکردنی ژووری ئۆپەراسیۆن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە سەرۆکایەتی پارێزگا / سەرپەرشتیار، و ئەندامێتی نوێنەرانی ئەم دامەزراوانە پۆلیس، ئاسایش، کشتوکاڵ، چاودێری بازرگانی،نەوت و کانزاکان، ڤێتێرنەری، تەندروستی، گومرگ، ئەم ژوورە دەسە ڵاتی تەواوی یاسایی و ئیداری دەبێتبۆ ئەوەی لە بەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان چاودێری بازاڕ بکەن و ڕێگری لە قۆرخکاری وگرانکردنی نرخەکان بکەن و سزای یاسایی ئەو کەسانە بدەن کە سەرپێچی دەکەن.
دووەم: ژووری ئۆپەراسیۆن دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ ڕێکخستنی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو) ئەو بەنزینەی بە نرخی حکوومەت لە هەندێ بەنزینخانە دابەش دەکرێت بە جۆرێک کە دابەشکردنی ئەو بەنزینە بۆ تاکسی و پاس و هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی زیاتر بێت، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی کە رێگری لە گرانبوونی نرخی گواستنەوە بکرێت و باری هاووڵاتیان گران نەکرێت.
سێیەم: ژووری ئۆپەراسیۆن دەسەڵاتەکانی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ ئاسانکاری زیاتر بۆ هێنانە ژوورەوەی کەلوپەلەکانی خۆراک و بەنزین و سووتەمەنی بە رەچاوکردنی کوالیتی و رێنوێنییەکان.