فەرەنسا ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێر ده‌كات 

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا پەیامێکی لەبارەی هێرشە تیرۆرستییەکانی دوێنێ شەوی سەر هەولێر بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 13/3/2022، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە پەیامێکدا رایگەیاندووە: فەرەنسا بە توندترین شێواز سەرکۆنەی هێرشی مووشەکی بالیستی دوێنێ شەوی سەر هەولێر دەکات و ئەم هێرشە کە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەستۆی گرتووە هەڕەشە لە سەقامگیری عێراق و هەرێم دەکات.

ئەوەش خراوەتە روو: “فەرەنسا جەخت لە پەرۆشی خۆی بۆ سەروەری عێراق و هەروەها لە چوارچێوەکەشیدا بۆ سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەکاتەوە”.

ئاماژە بەوەش دراوە: “ئەم جۆرە کردەوانە هەموو هەوڵەکان بۆ گەڕانەوە بۆ پەیماننامەی ڤییەننا تایبەت بە پرۆگرامی ناوەکی ئێرانی (JCPoA) پەکدەخات کە ئێرانیش تیایدا بەشدارە، زۆر گرنگە پەلە بکرێت لە کۆتایی پێهێنانی ئەم گفتوگۆیانەی کە ماوەی ساڵێکە دەستیان پێکردووە و هەروەها کۆتایی بهێنرێت بەم کردەوە نابەرپرس و تۆقێنەرانە”.