سعوودییه‌ هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كه‌ی هه‌ولێر خسته‌ڕوو

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودییه‌ هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێر خسته‌ڕوو و ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌موو شێوه‌‌ توندوتیژی و توندڕه‌وی و تیرۆرێك ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودییه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كییانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م كرایه‌ سه‌ر شاری هه‌ولێر و هه‌رێمی كورستان.

ڕاشیگه‌یاند: حكوومه‌تی سعوودییه‌ هاوسۆزه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و عێراق و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌پاڵیان ده‌بێت بۆ پاراستن و سه‌قامگیری و هه‌روه‌ها هه‌موو شێوه توندوتیژی و توندڕه‌وی و تیرۆرێكیش ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌.

جێی باسه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م به‌ 12 مووشه‌كی دوور مه‌ودای بالیستی له‌ ده‌ره‌وه‌ی خاكی عێراق، هێرشكرایه‌ سه‌ر باڵه‌خانه‌ی نوێی كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ شاری هه‌ولێر، به‌شێك له‌ مووشه‌كه‌كانیش به‌ر ئه‌و ناوچه‌ و گه‌ڕه‌كانه‌ كه‌وت كه‌ خه‌ڵكی سڤیلی شاری هه‌ولێر تێدا ده‌ژی و به‌هۆیه‌وه‌ زیانی ماددی به‌ر زۆرێك له‌ خانوو و باڵه‌خانه‌ی هاووڵاتییان كه‌وت و هه‌روه‌ها هاووڵاتییه‌كیش به‌ بریندار بوو.

هه‌ر ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م سوپای پاسدارانی ئێرانیش به‌رپرسیاره‌تی هێرشه‌كه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ‌.