ژمارەیەك لە قوتابیانی زانكۆی سۆران بەشدارییان لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی باشترین دیپلۆماتكار كرد و خەڵاتێكی جیهانییان بەدەست هێنا و ئەم كۆنفرانسە ساڵانە بە ئامادەبوونی گەنجان لەسەر ئاستی جیهانی سازدەكرێت و ئەمساڵ لە توركیا بەڕێوە چوو.
قوتابییەكان پێك هاتبوون لە سەفین حەیدەر عوسمان و ئومێد عەزیز محەمەدعەلی و محەمەد مەسیح شوكری ئەوان وەك گەنجی دیپلۆماتكار و پانێلیست لە كۆنفرانسەكەدا بەشدار بوون. توانییان نوێنەرایەتیی گەنجانی هەرێمی كوردستان بكەن و لە كۆنفرانسەكە ڕۆڵیان هەبێت و گفتوگۆ و دیداری تایبەت ئەنجام بدەن. دواتریش لە كۆتا ڕۆژی كۆنفرانسەكەدا، هەرسێ قوتابییەكەی زانكۆی سۆران وەك گەنجی دیپلۆماتكار هەڵبژێردران و خەڵاتی جیهانیان پێ بەخشرا.
محەمەد مەسیح شوكری كە یەكێك لەو گەنجانە بە هەولێری گوت: بۆ ئەمساڵ، كۆنفڕانسەكە لە ٤ـی مارسی 2022، لە وڵاتی توركیا، دەستی بە كارەكانی كرد و چوار ڕۆژی خایاند. گەنجانی زیاتر لە پەنجا وڵات بەشدار بوون و گفتوگۆ لە سەر چەندین بابەتی جیاواز كرا. لە ناو ئەو بابەتانەشدا، كێشەكانی گەنج و بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسی و پرسی جیهانی وەك كێشەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا هەروەها هێرشی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراینا لە بابەتە گرنگەكان بوون.
ئەو قوتابییەی زانكۆی سۆران گوتیشی: وێڕای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین دیپلوماتی گەنج هەندێ پەرتووكی سەرۆك بارزانیمان بە دیاری بەخشی بە ڕێكخراو و كەسایەتییە دیارەكان لە توركیا.