پۆلیسی سلێمانی ده‌ستگیركردنی چەند تۆمه‌تبارێکی ڕاگه‌یاند 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، لە دوو چالاکی جیادا شەش کەسیان دەستگیرکردووە و سێ لەو کەسانە تۆمەتبارن بە تەقەکردن و سەرانەوەرگرتن لە هاووڵاتیان. 

 رۆژی پێنجشەممە 10-3-2022 پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راگەیێنراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو شەش کەسە بڵاوکردەوە کە لە دوو چالاکی جیادا دەستگیرکران.

 لە راگەیێنراوەکەی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، “دوای چاودێریکردن و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر سێ تۆمەتبار لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە کە بەکارھێنەری ماددەی ھۆشبەربوون، توانرا ھەرسێ تۆمەتبار بەناوەکانی (ر، أ، ع – ز، م، ح – ر، م، ح) لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوانەوە دەستگیربکرێن.” 

پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەدات، لە چالاکییەکی دیکەدا مەفرەزەکانی بەشی نەھێشتنی تاوان “سێ تۆمەتباریان بەناوەکانی (أ، ع، ح – أ، م، ص – ھ، س، م) دەستگیرکرد کە سکاڵایان لەسەر بووە و لەلایەن دادگەوە داواکراوبوون بەپێی ماددەی 452 لەیاسای سزادان.” 

وەک لە راگەیێنراوەکەی پۆلیسدا هاتووە، ھەرسێ تۆمەتبار لە چەند بنکەیەکی دیکەی پۆلیس سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و داواکراوبوون بەتۆمەتی “تەقەکردن و ھێرشکردنە سەر ھاووڵاتیان و سەرانەسەندن.” 

پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیێنێت کە لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا دەستیشگیراوە بەسەر بڕێک ماددەی ھۆشبەر و چەکێک لەجۆری کڵاشینکۆڤدا.

ھەروەھا دەستیشگیراوە بەسەر مۆبایل و ملوانکەیەکی ئاڵتوندا کە بەتۆمەتبارەکان بووە و لە ھاووڵاتیانیان سەندووە. پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ هەردوو رووداوەکە کراوەتەوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.

ھەواڵی زیاتر