چەندین باری قاچاغ و نایاسایی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دەستی بەسەرداگیرا

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دەروازەی حاجی ئۆمەران لە دوو چالاکی جیاوازدا دەستیان بەسەر برێكی زۆر لە ماددەی كیمیایی و ئاسنێکی زۆردا گرت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/3/2022، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دەروازە سنووریەکان لە راگەیاندراوێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕیی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاویکردووەتەوە: “لە درێژەی كارو چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دەروازەی حاجی ئومەران توانرا دەست بگیرێت بەسەر بری 19 تۆن پەیینی كیمیایی كە بەشێوەی نایاسایی و شارەزایانە لەژێر بارێكی خۆڵی كارگەی دروستكردنی شیش (بنتونایت) شاردرابووەوە و دەیانویست بەبێ رەزامەندی لایەنی ئەمنی و پەیوەندیدار هاوردەی هەرێمی كوردستان بكەن”.

ئەوەش خراوەتە روو: “لە چالاكی دووەم توانرا دەست بگیرێت بەسەر بڕێكی زۆری كەلوپەلی ئۆتۆمبێل كە دەیانویست بە شێوەی نهێنی و بەبێ رێنوێنییەکانی گومرگ ئاودیوی وڵاتی ئێران بكەن و دوای دەستبەسەرداگرتنی پەیینی كیمیایی و ئاسنەكە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ هەردووكیان كرایەوە و رەوانەی بەشی یاسایی گومرگ كران بۆ وەرگرتنی لێپێچینەوە یاسایی”.