پارێزگاری هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە

بەبۆنەى یادی ڕاپەرین و ڕزگارکردنی شارى هەولێر، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، سبەی 52 ساڵ بەسەر دەستكەوتێكی گرنگی شۆڕش و بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلەکەمان لە پێناو مافە ڕەواكانیدا تێدەپەڕێ، کە ئەویش واژووكردنی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازاری ساڵی 1970یە، وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی مێژوویی گرنگ، سه‌نگ و كاریگه‌ری خۆی هه‌بوو.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێردا هاتووه‌، وەکو پارێزگای هەولێر دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌ رێگه‌ی سەرجەم یەکە ئیدارییەکان، تەواوی هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ و كۆششی به‌رده‌وام دەکەین لەپێناوی خزمەتکردنی شارەکەمان.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی پارێزگای هه‌ولێر:

بەناوى خوداى گەورە و میهرەبان

جەماوەری بەشەرەفی کوردستان

خەڵکی خۆشەویستی شاری هەولێر

به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی رێككه‌وتننامه‌ی 11ـی ئاداری 1970 و ساڵیادی راپەڕین و رزگارکردنی هەولێر، پیرۆزبایی گه‌رم ئاراستەی سەرجەم كوردستانیان بەگشتیی و جەماوەری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و خانه‌واده‌ و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پیشمەرگە قارمانەکان ده‌كه‌ین.

سبەی 52 ساڵ بەسەر دەستكەوتێكی گرنگی شۆڕش و بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلەکەمان لە پێناو مافە رەواكانیدا تێدەپەڕێ، ئەویش واژووكردنی رێككەوتننامەی یازدەی ئازاری ساڵی 1970یە،  وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی مێژوویی گرنگ، سه‌نگ و كاریگه‌ری خۆی به‌سه‌ر ره‌وتی بزاڤی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ییمان به‌گشتیی و مێژووی كورد بەتایبەتی  لە نێوان سەركردایەتیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و حكوومەتی ئەوسای عێراق هه‌بوو.

هەروەها یادی (31) ساڵەی راپەڕین و رزگارکردنی هەولێرە، کەبەر لە31 ساڵ و لەیادی پڕشکۆی رێككەوتننامەی یازدەی ئازار، تەواوی چین و توێژەكانی هەولێر و دەوروبەری بەپشتیوانی هێزی پێشمەرگە قارەمانەکانی كوردستان، هەولێری هەردەم سەربەرز و خۆڕاگر بەپیر و لاو و ئافرەتان بە یەك ئاراستە و یەك دەنگ، دژ بە دڕندەترین رژێم و سوپای داگیركەری كوردستان راپەرین و بەچەند كاتژمێرێكی کەم تەواوی مۆڵگەی سەربازی و ئەمنی و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعسیان پاككردەوە و هەولێری قەڵا و منارە تاجی سەركەوتنی راپەرینی لەسەرنا.  

لەم دوو یادە شكۆدارەدا، دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ وەکو پارێزگای هەولێر و سەرجەم یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکانی، تەواوی هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ و كۆششی به‌رده‌وام دەکەین لەپێناوی خزمەتکردنی شارەکەمان و هاووڵاتییانی، دڵنیاشیان دەکەینەوە، ئامانجەكانی شۆڕش و ڕاپەرین دەكەین بە هەوێنی كاركردنمان لەپێناو بەدیهێنانی ئاواتەكانی گەلەکەمان و دابینكرنی ژیانێكی شایستە و بەختەوەر بۆیان.                                         

بەرز و پیرۆزبێت یادی راپەرین و رزگارکردنی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، شاری ئاشتی و ئارامی و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان.     

سڵاو لە شەهیدانی راپەرین و ڕێگای سەرفرازی و خەباتی ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان

بژی کورد .. بژی کوردستان

ئومێد خۆشناو

پارێزگارى هەولێر

2022.3.10