بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، باندێکی چوار کەسیان لە قەزای ڕواندز بە تۆمەتی دزینی کێبڵی کارەبا دەستگیر کردووە.
لە ڕاگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هاتووە “دوێنێ چوارشەممە مەفرەزەی گەڕۆکی شەوانەی بەشی پۆلیسی ڕواندز توانیان لە کاتژمێر (2)ی شەو دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (س.ر.ع) و (ك.ص.م) دەستگیر بکەن کە خەریکی سوتاندنی کێبلی کارەبا بوون.”
ئەوەش خراوەتەڕوو “دوای دەستگیرکردنیان و لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەگەڵیان دانیان بەتاوانەکەدا نا، هەروەها دانیان بەوەشدا نا کە دوو کەسی دیکەش بە ناوەکانی (م.ت.خ) و (م.م.ص) بەشداربوونە لەتاوانەکە.”
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەشدا کە دوای چاودێرییەکی ورد لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی ڕواندز توانرا ئەو دوو تۆمەتبارەش دەستگیر بکرێت و دانیان بەتاوانەکەدا نا.
جەختیشی کردۆتەوە کە ئێستا هەر چوار تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ڕواندز بەپێی مادەی (442) ڕاگیراون.