نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی 

نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆوە بینی و بەراورد بە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 09-03-2022، نزیکەی 19 دۆلار دابەزیوە و ئێستا یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە نزیکەی 112 دۆلارە.

بەپێی داتاکانی بۆرسەی جیهانی، ئێستا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت 112 دۆلار و 45 سەنتە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت زیاتر لە 131 دۆلار بوو، واتە هەر بەرمیلێک نەوت ئێستا نرخەکەی نزیکەی 19 دۆلار دابەزیوە.

هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش بۆ 109 دۆلار و 41 سەنت دابەزیوە، لەکاتێکدا بەیانیی ئەمڕۆ هەر بەرمیلێک نەوتی تەکساس بە نزیکەی 127 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرا.

نزمبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ گۆڤاری فاینانشڵ تایمز رایگەیاند، یوسف ئەلعتەیبە، باڵیۆزی ئیمارات بۆ واشنتن رایگەیاندووە، وڵاتەکەی بەباشی دەزانێت بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکات.

بۆب یاوگەر، بەڕێوەبەری وزە لە بانکی میزوهۆ رایگەیاندووە، “لەوانەیە ئەوان [ئیمارات] بتوانن بەشێوەیەکی زۆر خێرا نزیکەی 800 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی بازاڕەکان بکەن”، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە دەتوانن بەو بڕە نەوتە قەرەبووی بەشێک لە نەوتی رووسیا بکەنەوە.

رۆژی سێشەممە 08-03-2022 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، “هەموو هاوردەیەکی نەوت و گاز و وزەی رووسی [بۆ وڵاتەکەمان] قەدەخە دەکەین. ئەوە واتای ئەوەیە کە نەوتی رووسیا چیدیکە لە بەندەرەکانی ئەمریکا قبووڵ ناکرێت و بەم جۆرەش خەڵکی ئەمریکا زەبرێکی دیکەی کوشندە لە پووتین دەدات”. دوای راگەیاندنی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی نەوت و گاز و وزەی رووسی، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ سەرووی 130 دۆلار بەرزبووەوە، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، بەڵام لێدوانەکەی باڵیۆزی ئیمارات بۆ ئەمریکا جارێکی دیکە نرخی نەوتی دابەزاندەوە.

ھەواڵی زیاتر