گەورەترین پڕۆژەی مێژووی نووسراوی كوردستان بە ناوی بزووتنەوەی بارزان چاپ كرا

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

كۆمەڵە كتێبی 6 بەرگی “بزووتنەوەی بارزان” لە لایەن ئەنستیتۆی فەرهەنگی كوردستان لە تاران بە هەوڵ و قەڵەمی “بەهرام وەڵەدبەیگی” ڕۆژنامەنووس و توێژەری مێژووی هاوچەرخ لە لایەن دەزگای ناوداری “نەشری سالس” چاپ كرا.

“بزووتنەوەی بارزان” ناونیشانی كۆمەڵە كتێبێكی 6 بەرگییە كە زیاتر لە 2300 بەڵگەی بڵاونەكراوە لەخۆ گرتووە كە لە پێناو پڕۆژەی تۆمار و كۆكردنەوەی بزووتنەوەی بارزان بە هەوڵ و قەڵەمی “بەهرام وەڵەدبەیگی” ڕۆژنامەنووس و توێژەری مێژووی هاوچەرخ كۆ كراوەتەوە، تۆمار و توێژینەوەی لەسەر كراوە و خراوەتە بەر دەستی هۆگرانی مێژووی كورد و كوردستان.
ئەم بەرهەمە گرینگە كە بە گەورەترین پڕۆژەی مێژوونووسیی كوردستان دێتە ئەژمار بە كەڵكوەرگرتن لە بەڵگە بەنرخەكان لە ناوەندە بەڵگەییەكان و ئەرشیفی ئێران و توركیا لە كۆمەڵە كتێبێكی 6 بەرگیدا بە دوو زمانی كوردی و فارسی چاپ و بڵاو كراوەتەوە. ئەم كۆمەڵە مێژوونووسییە خەباتەكان و ژیانی سیاسیی سێ كەسایەتی ناوداری كوردستان لەوانە: “بارزانی نەمر” و شێخ “عەبدولسەلام بارزان”، شێخ “ئەحمەدی بارزان” لە سەد ساڵی دواییدا لە نێوان بەڵگەكان و لە پێناو خەبات دژی لەبیركردنەوەی مێژوویی بڵاو كراونەتەوە.
“بەهرام وەلەدبەیگی” بەرپرسی ئەنستیتۆی فەرهەنگی كوردستان لە تاران و نووسەری كۆمەڵە كتێبی 6 بەرگیی “بزووتنەوەی بارزان” سەبارەت بەم بەرهەمەی بواری مێژوونووسی گوتی : ” ئەم بەرهەمە كە لە ڕاستیدا گەورەترین پڕۆژەی مێژوونووسی كوردستانە، تیایدا بۆ یەكەمین جار، هەوڵ دراوە بزووتنەوە و هەروەها سێ ڕێبەری كوردەكان لەسەر بنەما و بەڵگەكان، نووسراوە فەرمییەكان و دیوانی ئێران و عوسمانی بخاتە بەر لێكۆڵینەوە و شیكارییەوە. هەروەها هەوڵی داوە تاكوو مۆدێلێكی گشتی و شیاویی پەسەند لە كۆكردنەوە و نووسینی مێژووی كوردستان بە پێی بەڵگەكان بخاتە ڕوو كە لە لایەن توێژەران و مێژوونووسانەوە كەڵكی لێ وەربگیرێت.
بەرپرسی ئەنستیتۆی فەرهەنگی كوردستان لە تاران ڕایگەیاند كە لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەم پڕۆژە گەورە مێژووییە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستان و لە شاری تارانی پێتەختی ئێراندا بەڕێوە دەچێت.

ھەواڵی زیاتر