بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق چاوەڕوان دەکرێت دۆخەکە باشتر بێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵدایە سوود لە سەرجەم تواناکانی خۆی وەربگرێت بۆ ئەوەی زۆرترین دەرفەتی کار بۆ گەنجان بهێنێتە کایەوە، لە کۆڕبەندێکی پیشەسازیدا کە بۆ هەمان مەبەست بەڕێوەچوو پێداگری لەوە کرا دەرفەتی کار دەرەخسێنرێت و و هەرێمی کوردستان بە پەرەپێدانی پێوەندییەکان و لابردنی لەمپەرەکان بەرەو ئەو ئامانجە هەنگاو دەنێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو رەخساندنی بازاڕ و هەلی کار، کۆڕبەندی پیشەسازی بەڕێوە برد و هەنگاوەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن زەمینە لەبارتر بکرێت بۆ رەخساندنی دەرفەتی هەلی کار و وەبەرهێنان و راکێشانی سەرنجی کۆمپانیاکان و وڵاتان بۆ ئەوەی لەو ناوچە ئارامە سەرمایەکانیان بەگەڕ بخەن و لە ژێر سایەی ئاسایش و ئارامی پەرە بە سەرجەم سێکتەرەکان بدرێت.
وەک ئاشکرایە لە هەرێمی کوردستان ئەم رۆژانە یادی ٣١ ساڵەی راپەڕین دەکرێتەوە، بەڵام ئەو قۆناغەی مێژووی هەرێمی کوردستان کە زیاتر گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینیەوە بۆ دوو دەیەی رابردوو دەگەڕێتەوە. کاتێک رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٢ رووخێنرا، دەرگاکان بەڕووی هەرێمی کوردستاندا زیاتر کرانەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رۆڵە زۆرەی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە رزگارکردنی عێراق و پاشان بنیاتنانی عێراقی نوێی فیدراڵدا هەیبوو، وڵاتان یەک لە دوای یەک کونسووڵخانەیان لە هەولێر کردەوە و کۆمپانیاکانیان رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد تا لە کەرتە جیاوازەکاندا وەبەرهێنان بکەن.
قەبارەی ئەو وەبەرهێنانەی تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان کراوە دەگاتە نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلار و ئەگەر سیاسەتی گەمارۆی بەغدا لە ساڵی ٢٠١٤ و پاشان سەرهەڵدانی داعش و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان نەبەوایە ئەوا، قەبارەی ئەو وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر دەبوو و هەرێمی کوردستانیش گەشەی خێراتری بەخۆیەوە دەبینی و ژمارەی دەرفەتی کار زۆرتر دەبوون.
قۆناغە سەختەکە خەریکە تێدەپەڕێت، کاریگەرییەکانی کۆرۆنا زۆر لاواز بوون و نرخی نەوتیش رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، ئەگەر پڕۆسەی دامەزراندنی حکوومەتی عێراق خێراتر بکرێت ئەوا پێشبینی دەکێرێت دۆخەکە باشتر ببێت و هەولێر و بەغدا بە پشتبەستن بە مافە دەستوورییەکان هنگاوی زیاتر بۆ لێکتێگەیشتن و هاوکاری بنێن.
گرنگترین فاکتەری وەبەرهێنان لە هەر وڵاتێک ئاسایش و ئارامییە و هەرێمی کوردستان لانی کەم لە دوو دەیەی رابردوودا لەم فاکتەرە بێبەش نەبووە و تەنانەت لە سەردەمی داعشدا کەم نەبوون ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان کرد یان لە وەبەرهێنانیان و پڕۆژەکانیان بەردەوام بوون.
حکوومەتی هەرێمی بۆ دروستکردنی پڕۆژە و پەرەپێدانی سەرجەم کەرتەکان سوودی لە تواناکانی بەردەست وەرگرتووە و وەک دوێنێ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کودستان لە وتاری کۆڕبەندەکە تیشکی خستە سەر پرۆژەكان بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت ئەنجام دراون و سوپاسی كەرتی تایبەتی کرد كە بە هەماهەنگی و هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی رابردوودا پرۆژەی گرنگیان ئەنجام داوە، حكوومەتیش هەر ئاسانكارییەكی پێویست بێت، پێشكەش بە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەكات بۆ ئەوەی بەشدار بن لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و بونیادنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان.
ئەو پێداگری کردووە کە حكوومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك پاڵپشت و هاوكاریی گەنجان و پرۆژە بچووكەكان لە بوارەكانی پیشەسازی و بازرگانی و داهێنان لە هەموو ڕووێكەوە دەبێت. سەرۆکی حکوومەت پێی وایە بەدیهێنان و جێبەجێكردنی هەموو پڕۆژەکان بە پلەی یەكەم بەندە بە هەبوونی سەقامگیریی سیاسی لە عێراق بە گشتی و بە هەبوونی پێوەندییەكی باش و دۆستانە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی، جگە لەمە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقدایە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا قۆڵی لێ هەڵماڵیوە و دەیەوێت پەرە بە سێکتەرە جیاوازەکان بدات، بەڵام هەندێک لایەنی ناوخۆیی و عێراقی بە پشت بەستن بە هەژموون و توانا سیاسییەکانیان لە هەوڵدان تەنگژەی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان بهێننە کایەوە.

ھەواڵی زیاتر